محەممەد حاجی مەحموود: کورد برا بچووکی هیچ کەسێک نییە

لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، محەممەد حاجی مەحموود داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، لە پرسە گرنگەکاندا هاوهەوڵوێست بن و بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بکەن. جەختیش لەوە دەکاتەوە، “کورد برا بچووکی هیچ کەسێک نییە، نەتەوەیەکی گرنگ و کاریگەرە”.

ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئابی 2023، 47 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت. بەوبۆنەیەوە، بە ئامادەبوونی محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتەکە و بەرپرس و لایەنگرانی ئەو پارتە سیاسییە رێوڕەسمێک لە گوندی گوڵەخانەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو. محەممەد حاجی مەحموود جەخت لەوە دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان.

بە گوتەی محەممەد حاجی مەحموود، “ناحەزانی گەلەکەمان بە شێوە جیاجاکان هەوڵی بچووککردنەوەی جۆگرافیا، لاوازکردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و بڕینی سەرچاوەی داهاتی هەرێمەکەمان دەدەن. هەوڵەکانیان بەناوی جۆر بە جۆرەوە بەردەوامن، بەڵام ئێمە پێیان دەڵێین، دەبێت ئاوڕێک لە رابردوو بدەنەەوە. بزانن مەلیک فەیسەڵ، عەبدولکەریم قاسم، عەبدولسەلام عارف، عەبدولرەحمان عارف، ئەحمەد حەسەن بەکر و سەددام حوسێن، کە دژی کوردبوون، چارەنووسیان بە کوێ گەیشت. ئەوانەی وەکو ئەوان بیردەکەنەوە، چارەنووسیان لە چارەنووسی ئەوان باشتر نابێت، بۆیە خەڵکی کوردستان نەک خۆی رادەست ناکات، بەڵکوو بە خوێن خاک و نیشتمانی خۆی دەپارێزێت”.

محەممەد حاجی مەحموود باسی لەوە کرد، “دیموکراسی، مافی چارەنووس، مافی مرۆڤ و هەموو مافەکانی دیکە لە لوولەی تفەنگەوە دیاریدەکرێن. ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ هەژموونیان بەسەر جیهاندا هەیە، تەنها لە ڕێگەی چەک و سەربازییەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن. واتا لوولەی چەک سیاسەت ئاراستە دەکات، بۆیە هیوادارم خەڵکی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بە هەمان بیروباوەڕ و بۆچوونەکانی خۆی بەردەوام بێت لە خەبات و تێکۆشان”.

دڵخوازەكانتان