شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی بەغدا دەکات
شاندێکی مەکتەب سیاسی پارتی سەردانی بەغدا دەکات و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ حزب و سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدەدات.
سبەی یەکشەممە، شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لایەنەکانی نێو هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی و ژمارەیەک حزب و سیاسییەکانی دیکەی عێراق کۆدەبێتەوە.
شاندەکەی مەکتەب سیاسی پارتی، پرسی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و ژمارەیەک پرسی دیکە لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێ دەکات.
فازڵ میرانی، بهرپرسی دهستهی كارگێڕی مهكتهبی سیاسی پارتی سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات و هەر یەکە لە هۆشیار زێباری، مەحموود محەممەد، پشتیوان سادق، فوئاد حوسێن و ژمارەیەک ئەندامی دیکەی مەکتەبی سیاسی سەردانی بەغدا دەکەن.
هاوکات ئەمڕۆ شەممە، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ شاندێکی حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.
بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆکایەتی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی پڕۆژەیاسای نەوت گاز سەردانی بەغدایان کردووە.
یەکێک لەو پرسانەی ماوەی چەندین ساڵە ناکۆکی خستووەتە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازە. پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لەماوەی ئەمساڵدا لەو رێککەوتنە سیاسەدا هاتووە، کە پێکهێنەرانی حکومەتی ئێستای عێراق لەسەری رێککەوتوون.