ئەمساڵ 67 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بەشێوەی جیاواز كوژراون

بەگوێرەی ئامارەكان ئەمساڵ 67 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بەشێوەی جیاواز و لە رووداوی جیادا کوژراون؛ زۆرترینیان لەم مانگەدا بوون کە 14 کەس کوژراون؛ کەمترینیش لە مانگی شوباتدا بووە و سێ کەس کوژراون. هەروەها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا 56 کەس لە ئاودا خنکاون

ئاماری کوژراوەکان بەگوێرەی مانگەکان:

– مانگی تەمموز؛ 14 کەس

– مانگی حوزەیران؛ 13 کەس

– مانگی ئایار؛ 12 کەس  

– مانگی نیسان؛ 9 کەس

– مانگی ئادار؛ 6 کەس 

– مانگی شوبات؛ 3 کەس  

– کانوونی دووەم؛ 10 کەس 

وردەکاریی رووداوەکان و شوێنی کوشتنەکان:

مانگی تەممووز

– رۆژی 29ـی تەممووز، پیاوێک لە قەزای سۆران دوو هاوژینی خۆی بە چەک کوشت.

– رۆژی 28ـی تەممووز لە سنووری شارباژێڕ چوار کەس بە بۆردوومان کوژران، کە تاوەکو ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەبووە.

– رۆژی 28ـی تەممووز کارمەندێکی ئاسایش لە هەڵەبجە کوژرا.

– رۆژی 28ـی تەممووز، لە سنووری ناحیەی گردەسێن لە پارێزگای دهۆک کەسێک کوژرا.

– رۆژی 27ـی تەممووز، کوڕێکی تەمەن 17 ساڵ لە ئیدارەی راپەڕین کوژرا.

– رۆژی 26ـی تەممووز، بەهۆی کێشەیەکەوە لەسەر مارکێتێک لە گەڕەکی منارەی هەولێر دوو کەس کوژران.

– رۆژی 24ـی تەممووز گەنجێک لە پێنجوێن کوژرا.

– رۆژی 16ـی تەممووز، منداڵێکی لەلایەن گەنجێکەوە بە چەقۆ کوژرا و تەرمەکەی شێوێندرا.

– رۆژی 1ـی تەممووز، لە گوندێکی سنووری سێمێل لە پارێزگای دهۆک کەسێکی تەمەن 42 ساڵ کوژرا.

مانگی حوزەیران

– رۆژی 24ـی حوزەیران، لە ناحیەی مەزنێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گەنجێک بە گولـلە برایەکی خۆی کوشت.

– رۆژی22ـی حوزەیران لەنێو بازاڕی چەمچەماڵ تەقە لە گەنجێک بەناوی خواناس وریا کرا و کوژرا.

– رۆژی 21ـی حوزەیران لە شەڕی نێوان دوو ماڵباتدا گەنجێک لە شێخان کوژرا.

– شەوی 19ـی حوزەیران لە شاری هەولێر زاوایەک دەستڕێژی گولـلەی لە ماڵی خەزووری کرد و بەهۆیەوە هاوژینەکەی خۆی کوشت و خوشکێکیشی بریندارکرد، کە دوای دوو رۆژ ئەویش گیانی لەدەستدا.

– رۆژی 14ـی حوزەیران لە قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی، هاونیشتمانییەکی تەمەن 58 ساڵ بە گولـلە کوژرا.

– شەوی 13ـی حوزەیران لە گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر گەنجێک بە چەقۆ کوژرا.

– رۆژی 12ـی حوزەیران لە گەڕەکی نزارکێ لە شاری دهۆک هاونیشتمانییەک کوژرا.

– شەوی 8ـی حوزەیران هاونیشتمانییەک لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە کەلار بە چەقۆ کوژرا.

– رۆژی 7ـی حوزەیران لە گەڕەكی شەهیدانی سەرچناری سلێمانی، ‏كەسێكی تەمەن 41 ساڵ کوژرا.

– رۆژی 7ـی حوزەیران، لە گەڕەکی مامزاوەی هەولێر سێ کەس بە چەقۆ کوژران.

مانگی ئایار

– رۆژی 28ـی ئایار لە شەقامی 100 مەتری لە هەولێر هاونیشتمانییەک بە گولـلە کوژرا.

– رۆژی 22ـی ئایار گەنجێک بەناوی ئەیوب عەبدولجەبار لە قەزای چەمچەماڵ بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا.

– رۆژی 17ـی ئایار لە کۆیە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە پیاوێک دەستڕێژی گولـلەی لە ماڵەکەی خۆی کرد و هاوژینەکەی، دوو کچی و کەسێکی دیکە کوژران.

– رۆژی 15ـی ئایار لە بەردەم بنکەی پۆلیسی کۆیە، شەڕێک لەنێوان پۆلیس و چەند چەکدارێکدا روویدا؛ دوو کەس کوژران و سیانی دیکەش برینداربوون.

– رۆژی 7ـی ئایار، هاونیشتمانییەک لە چەمچەماڵ کە کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەری هەبوو، لەلایەن “کرێکارەکانی خۆیەوە” کوژرا.

– رۆژی 4ـی ئایار، کەسێک بە ناوی (م. م. و.) لەدایکبووی ساڵی 1988 دانیشتووی ژاراوە بە چەقۆ کوژرا.

– رۆژی 2ـی ئایار، هاونیشتمانییەک بەناوی حاجی نووری بەهۆی “کێشەی کۆمەڵایەتییەوە” لە قەزای کفری کوژرا.

– رۆژی 2ـی ئایار، هاونیشتمانییەک لە بێتواتە لە دەڤەری راپەڕین کوژرا کە موقەدەمی پێشمەرگە بوو.

مانگی نیسان

– رۆژی 7ـی نیسان، هاونیشتمانییەک لە قەزای خەبات کوژرا، کە دواتر گوترا بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە.

– رۆژی 14ـی نیسان، لە ناحیەی هەریر لە پارێزگای هەولێر کەسێک لەلایەن برایەکییەوە کوژرا.

– رۆژی  16ـی نیسانی 2023 قوتابییەکی کچ لە کۆمەڵگەی کانی قرژاڵەی سەر بە ناحیەی رزگاری لە پارێزگای هەولێر گیانی لەدەستدا. بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بە رووداوی گوت، کچەکە بە دەمانچەی باوکی “خۆی کوشتووە”.

– رۆژی 17ـی نیسان، هاونیشتمانییەکی خەڵکی باکووری کوردستان کە لە شاری دهۆک دەژیا، لەنێو یەکێک لە مۆڵەکاندا تەقەی لێکرا و کوژرا. 

– رۆژی 18ـی نیسان کەسێک لە شەقامی 120 مەتری هەولێر کوژرا، پۆلیس رایگەیاند، تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکانیان کردووە.

– رۆژی 20ـی نیسانی 2023، لە کەلار گەنجێک بەناوی خالید رەحیم لە دایکبووی 1993 کوژرا، پۆلیس رایگەیاند، لەلایەن هاوڕێیەکییەوە کوژراوە.

– رۆژی 21ـی نیسان، لەلایەن کەسێکەوە تەقە لە کاوە بازیانی، کەسایەتی دیاری عەشیرەتی کافرۆشی کە پلەی سەربازیشی هەبوو کرا و بە سەختی بریندار بوو، دوای سێ رۆژ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

– رۆژی 25ـی نیسانی 2023 سەرهەد عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک، لەبەردەم ماڵی خۆی لە چەمچەماڵ بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا.

-رۆژی 30ـی نیسان، لە گەڕەکی خەبات لە شاری سلێمانی، هاونیشتمانییەک لەلایەن برایەکییەوە کوژرا.

مانگی ئادار

– رۆژی 4ـی ئادار هاونیشتمانییەک لە سلێمانی بە چەک کوژرا؛ بە گوتەی کەسوکارەکەی، ئەو هاونیشتمانییە لەلایەن منداڵێکی خۆیەوە بە هەڵە کوژاوە.

– رۆژی 5ـی ئادار لە شەقامی کوران لە هەولێر هاونیشتمانییەک بە ناوی شوان عومەر قادر تەمەن 42 ساڵ لەلایەن کوڕێکی خەزوورییەوە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی کوژرا.

– رۆژی 14ـی ئادار، هاونیشتمانییەک بە ناوی رەوەند محەممەد، تەمەن 35 ساڵ و دانیشتووی هەولێر بە چەقۆ کوژرا.

– رۆژی 16ـی ئادار کچێکی تەمەن 28 ساڵ لە هەولێر کوژرا، پۆلیس رایگەیاند بکوژ برای کچەکە بووە و دەستگیرکراوە.

– رۆژی 24ـی ئادار، تەرمی پیاوێک لە گوندێکی سنووری شێخان دۆزرایەوە، دواتر پۆلیس رایگەیاند سووتێندراوە.

– رۆژی سێشەممە 28ی ئادار لە گەڕەکی بەستەپیازە لە شاری هەولێر لە شەڕی نێوان سێ ئامۆزادا، کەسێکی 35 ساڵ کوژرا.

مانگی شوبات

– رۆژی 9ـی شوبات، هاونیشتمانییەکی تەمەن 50 ساڵ لە گوندێکی سنووری بەردەڕەش کوژرا، دواتر پۆلیس رایگەیاند، بکوژەکە برازای کوژراوەکە بووە.

– رۆژی 11ـی شوبات، هاونیشتمانییەک بە ناوی فەرمان عەبدولخالق تەمەن 32 ساڵ، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەلایەن ماڵی خەزوورانییەوە لە هەولێر تەقەی لێکرا و کوژرا.

– رۆژی 18ـی شوباتی 2023، ژنێک لە ناحیەی قوشتەپە بە دەستی هاوژینی پێشووی کوژرا و گوترا لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بووە.

مانگی کانوونی دووەم

– شەوی 3ـی کانوونی دووەم، لە ناوچەی قەرەداخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی تەرمی هاونیشتمانییەک بە ناوی بورهان لەتیف، تەمەن 46 ساڵ بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە، کە پێشتر کوژرابوو دواتر هەڵواسراوبوو.

– رۆژی 6ـی کانوونی دووەم، کچێکی تەمەن 15 ساڵ لە هەولێر کوژرا، دواتر گوترا لەلایەن باوکییەوە کوژراوە.

– رۆژی 6ـی کانوونی دووەم لە سلێمانی لە ژێر پردی خەسرەو خاڵ کەسێک کوژرا.

– رۆژی 18ـی کانوونی دووەم، لە باکووری کوردستان 5 هاونیشتمانی پارێزگای دهۆک لەلایەن چەند کەسێکەوە کوژران.

– رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2023، ژنێک و پیاوێک کە خزمی یەکدی بوون لە گوندی گربیش لە سنووری قەزای ئاکرێ کوژران.

تێبینی؛ ئاماری کوژراوەکان ئەو ئامارانەن، کە لەلایەن پۆلیس یان کەسوکاریانەوە بڵاوکراونەتەوە.

ئامارەکانی خنکان

بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە 1-1-2023 بۆ 30-6-2023، لە چەم و رووبارەکانی هەرێمی کوردستاندا 56 کەس خنکاون.

دڵخوازەكانتان