ئەندامێکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان: سبەی یان دووسبەی  لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەگەینە رێککەوتن

ئەندامێکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت لەسەر  زۆرینەی پرسەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەگەنە رێککەوتن و، هیچ بیانوویەک لە بەردەم ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستاندا نامێنێت

روونیشی دەکاتەوە، حکومەتی عێراق نیازێکی جیددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێم هەیە.

جووتیار عادل، ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی لەبارەی سەردانەکەی سبەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا وتی لەو گفتوگۆیانەدا هەنگاوی باش نراوە و، چەند بابەتێکیش گفتوگۆکران. بابەتەکانی پەیوەست بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق و ئەو پابەندبوون و مافانەی لەلایەن هەردوولا هەیە، گفتوگۆ کران

جووتیار عادل دەڵێت :” دوو بابەتی دیکە ماون بڕیارە بەیانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا و قسەوباسی لەسەر بکات. “یەکەمیان پرسی داهاتە نانەوتییەکان؛ ئیستا هەژمارێکی بانکی لە بانکی ناوەندیی عێراقی کراوەتەوە و ئەو بڕە پارەیەی پەیوەستە بە داهاتە نانەوتییەکان، لەو هەژمارە دادەنرێت. لە هەمانکاتدا هەندێک بابەتی تر پەیوەستن بە یەک بەرمیلی بەرهەمهێندراو لەسەر ئاستی عێراق و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش ماوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت.”

جووتیار عادل دەڵێت، “لەو بڕاویەداین بەیانی ئەم دوو بابەتەش چارەسەربکرێن و ئەو کات دەبێت بودجەی مانگانەی هەرێمی کوردستان بنێردێت، جگە لەو شەش مانگەی پەیوەستن بە “تەسفییەی حیسابات” کە لەسەر حکومەتی عێراق پابەندە، دەبێت وەکو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردێت. بۆیە لەو بڕوایەدام هەندێک لەو بابەتانە بەیانی قسەیان لەسەر بکەین و بگەیەنە دەرئەنجامێکی باشیش ئینشائەڵڵا.”

دڵخوازەكانتان