وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێکی گرنگ دەردەکات

لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند بڕیارێکی گرنگ دەردەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023) لە میانەی راگەیاندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێک دەرکران، کە چەسپاندنى ئەنجامى بەرایى پڕۆسەى خوێندنى باڵا دیبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا دواى راگەیاندنى ئەنجامى پەڵپ کە لەلایەن زانکۆکانەوە جێ بەجێ دەکرێت.

هاوکات بڕیاری ئەوەشدرا، ئەو پێشکەشکارانەى کە لەتاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەرچوون، بەڵام بەهۆى نەمانى کورسى خوێندن وەرنەگیراون، دەسەڵات دەدرێتە ئەنجومەنى زانکۆکان لەڕێگەى گواستنەوەى(موناقەلە)ـى کورسییەکان لەهەمان بەشى زانستى یان زیادکردنى کورسى بەپێى تواناى بەشە زانستییەکانیان یاخود بە هاوبەشى زانستى نێوان زانکۆکان، کورسى خوێندنیان بۆ دەستەبەر دەکەن و هەر کورسییەک کە لەڕێگەى گواستنەوە (موناقەلە) یاخود زیاد دەکرێت بۆ پلانى بنەڕەتى زانکۆکان، ئەوا بەشێوازى پارالێڵ دەبێت، ئەگەر زانکۆکان نەیانتوانى کورسى خوێندن بۆ بەشێک لە دەرچووان دەستەبەر بکەن بە پڕۆسەى سەرەوە، بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن لەم خولە، بەڵام دەستپێکردنى خوێندنەکەیان دەکەوێتە خولى داهاتوو. 

لە راگەیندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، باس لەوەشکرا، دواى جێبەجێ کردنى خاڵى دووەم، ئەگەر لەو بەشانەى کە کورسیەکانیان بەهۆى دەرنەچوونى پێشکەشکاران پڕنەبۆوە، ئەوا کورسییەکانیان پڕدەکرێتەوە بە رەچاوکردنى ریزبەندى نمرەى توانستى زانستى پێشکەشکاران لە سەرجەم بازنەکان (خوێندنى باڵا، گشتی و پارالێڵ) لە بەرزترین کۆنمرەوە بۆ نزمترین تاکو کورسییەکان پڕدەکرێنەوە، بەمەرجێک نمرەى توانستى زانستى بەدەستهات و لە (10) کەمتر نەبێت و هەموو ئەو کورسییانەش خوێندنەکەیان بەشێوازى پارالێڵ دەبێت .

هەروەها، کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى، ئەوانەى لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى نمرەکەیان لە (10) و بەسەرەوە بێت ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت بە رێژەى (%70)، کە لەلایەن وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتییەوە پشتڕاست دەکرێتەوە، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلان بۆ تەرخان دەکرێت، بەمەرجێک نمرەى توانستى زانستى بەدەستهاتوو لە (10) کەمتر نەبێت .

ئەوەش خراوەتەڕوو، بە تەرخانکردنى کورسى خوێندن بۆ ناوچە دابڕێندراوەکانى هەرێمى کوردستان بەهەمان پێوەرى خاڵەکانى (4، 5).

هەر لە میانەی کۆبوونەوەکەدا بڕیاری ئەوەشدرا، ئامادەکارى بکرێت بۆ راوندێکى ترى خوێندنى باڵا، بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆکان راسپێردران لەسەرەتاى مانگى 9ـی 2023 پلانى نوێ ئامادەبکەن و بۆ وەزارەتى بنێرن.

دڵخوازەكانتان