ناوی دامەزراوانی پاسەوانی سنوور رادەگەیەندرێت

لە رێگەی نامەی مۆبایلەوە، ئەو كەسانە ئاگادار دەكرێنەوە، كە ناویان لە ریزی پاسەوانی سنوور بۆ دامەزراندن دەرچووە.

عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور، رایگەیاند: “لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا، لە رێگەی کورتەنامەیەکی مۆبایلەوە، ئەو کەسانەی ناویان بۆ دامەزراندن لە ریزەکانی پاسەوانی سنوور هاتووەتەوە، ئاگادار دەکرێنەوە.“

كاروان خۆشناو ئاشكرای كردووە: “ئەوانەی ناویان لە دامەزراندن لە ڕیزەکانی پاسەوانی سنوور دەرچووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو، لەلایەن یەكەی خۆبەخشی وەزارەتی بەرگری بە نامەی مۆبایل ئاگادار دەکرێنەوە.”

پێشتر سیپان شێروانی، ئەندامی لێژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند: “رێكاری دامەزراندنی گەنجان لە ڕیزی پاسەوانی سنووری عێراق تەواو بووە و دوای پەسندكردنی بودجەی 2023 ناوەكانیان رادەگەیەندرێت.”

ئەوەشی خستە ڕوو، لە بودجەدا پارەی پێویست بۆ دامەزراندنی ئەو كەسانە دیاری كراوە و دەنگی لەسەر دراوە.

لەناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2023دا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە رێگەی فۆڕمێكەوە دەرگای دامەزراندنی بۆ پاسەوانی سنوور كردەوە، كە لە چەند رۆژێكدا زیاتر لە دوو ملیۆن كەس ناوی خۆیان تۆمار كرد.

ئەندامەكەی لێژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، گەنجانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ناوچە سنووری و دوورەدەستەكان، دەرفەتی زیاتریان هەیە، كە پشكی زیاتریان لەم دامەزراندنەدا هەبێت، گوتیشی: “نزیكەی سێ هەزار و 600 كەس لە ڕیزەكانی پاسەوانی سنوور دادەمەزرێن، كە بەپێی بەدواداچوونەكانمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پێشینەی دامەزراندنەكە بۆ خەڵكی ناوچە سنوورییەكان دەبێت.”

خالید محەننا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: “سەرجەم ناوی ئەو کەسانە جیا کراونەتەوە، کە دامەزراندن دەیانگرێتەوە و پڕۆسەکەش تەواو بووە.”

بەپێی زانیارییەكان، مووچەی ئەو کارمەندانەی سنوور بەپێی بڕوانامه دەبێت و لە ملیۆنێک دینار کەمتر نابێت.

ئێستا سێ لیوای پاسەوانی سنوور هەیە، کە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەپارێزن، لیوای 3ی سلێمانی، لە سنووری خانەقینەوە بەدرێژایی نزیکەی 528 کیلۆمەتر تا سنووری قەندیل دەپارێزێت. لیوای 2ی هەولێر و لیوای 3ی دهۆکیش، پارێزگاریی لە ناوچە سنوورییەکانی قەندیل تا سنووری سووریا دەکەن.

دڵخوازەكانتان