لە دوێنێ دەچین!

لە دوێنێ دەچین!
تەنیا کوردی
ئەمڕۆش سەرباری زۆر شت کە ماناکردنەوەیشی گۆڕاوە ھەر لەو رۆژانە دەترسین گەر لە دوێنێ نەچین ئەوا ئەمڕۆ لە ڕێگەی قۆناغەکەدا وندەبین و تێدەچین…
 قۆناغێکی دیکەی سیاسی جیاواز لە ھەرێم دەستی پێکردووە، بەڵام ئەگەر کێشەکان بخرێنە نێو تاقیگەی قۆناغەکە، رێک بۆ چارەسەری ھەر زۆر کلاسیکانە لە دوێنێ دەچین.

بەتایبەت پارتی و یەکێتی، کە ئایا لەو فۆرمەی ئێستا شێوازی حوکمڕانی لەسەر دارێژڕاوە پێویستە بە دوو فۆرمی جوودا لە ھەرێم حوکمڕانی بکرێ، بگەڕێینەوە ئەو رۆژانەی دوو حکوومەت بووین، یان لەو رۆژانە بچین کە بەیەکەوە بووین، بەڕێگەی متمانەو نیەت و داواکارییەکانیش بە گوێرەی قەبارەی ھەر ھێزێک خرابوونە رەۆژەفەوە.
لەم قۆناغە گەر بمانەوێ بگەڕێینەوە دوێنێ، ھەر چەند سروشتی ھێزە سیاسییەکان لە دوێنێدا بێ، ئەمڕۆ واقعی کۆمەڵگە و ژینگەی ھەر ھێزێکی سیاسی محەلی لە نێو کۆمەڵگەو لە ئاستی ئیقلیمی و دەولی لە دوێنێ ناچێ.
ئەم لەیەک نەچوونەی ئەمڕۆ ھەم زەمەن گۆڕاوەو روخساری ھەر ھێزێکی سیاسی گۆڕیوە، ھەم مەکان کە جوگرافیایە ھێزی لە ھەندێ ھێزدا بڕیوە، ئیتر چەند ئەم ھێزانە بیانەوێ لە دوێنێ بچن، ناتوانن چونکە کاراکتەرو میکانیزمی کار گۆڕاوە، خەڵک ھەندێ ھێزی گۆڕیوە، بۆیە ئەگەر بڵێین ھەر ھێزێک لە دوێنێ جوودایە ئەمە حەقیقەتێکی ئەمڕۆیە.
ئەگەر بڕیارە یەک زۆن بین، دەبێ لە ھەموو پرسەکاندا یەک قەوارەو یەک ئیدارەو یەک ھێز و یەک فۆرمی کوردستانی بین ئەوکاتە گرینگ نییە لە بیرکردنەوی جیاواز و رێگەی خەباتدا چەند لە یەکتری ناچین، ھەر گرینگ نییە زۆر لە یەکتریش بچین، چونکە وەرقەکان ئەوکاتە بەشێوەیەک تێکەڵ دەبن کە نەمێژوو نە جوگرافیا و نە خەڵک ناتوانێ بمان ناسنەوە و ئەوەی دەناسرێ ئەزموون و دەسکەوت و قەوارەی ھەرێمە، بەڵام بەسمەی ھەر ھێزێ دەبێ بەقەد پەنجەکەی لەسەر وەرقەی عەمەل بێ، ئەمەشە کە لەیەک ناچین.

 گوتەیەکی کلاسیک ھەیە دەڵێ، “سیاسی ئەو کەسە نییە لە پشتی مەکتەبێکەوە دانیشتبێ، سیاسی ئەوەیە لەنێو دڵی ڕوبەڕووبوونەوە و لەسەر ھێڵی ئاگربێ”.
پارتی و یەکێتی لە قۆناغی یەکتر خوێندنەوە تێپەڕیوون، بەڵام کە ھەندێ خەت و قسەی جیدی ئەگەر بە دیدگای حزبیش نەبێ، ئەم راستییە دەبێ لە تاقیگەی قۆناغەکەدا بزانرێ کە قەبارەو قودرات و مەکانی بڕیاڕی ھەر ھێزێک لە محەلی ئێستای قۆناغەکە چییە، تا قەبارە نەگوترێ لە ھەندەسەی دروستکردندا وێنەی بناغەی ناکێشرێ.
راستی قۆناغەکە وەک چیرۆکی دەسپێکی پەرتوکێکی نوێیە لە چوونە نێو فۆڕمە تازەکانی سیاسەت بۆ داھاتوو، ئەزموونی دوێنێ ئەمڕۆی دروستکرد بەڵام ئەوانەی لە ڕێگای بەھێزکردنی ئەم ئەزموونە لایانداوە لەنێو لاپەڕەکانی جیوگرافیای ئەم پەرتوکەی کە دەبێ بە قەبارەی قۆناغەکە بۆ بەیانی بنوسرێتەوە و بخوێنرێتەوە ئەکتەری سەرەکی نابن.
ئەگەر بڕیاربێ لەسەر نەخشەی جیوگرافیادا سڕینەوەو تۆڵەکردنەوە لە شوێنی ئاشتەوایی دابێ، ئەوا مانایەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن نابێ، ئەگەریش بڕیارەکە بۆ تێگەیشتنە لەوەی کە قۆناغەکە ئاشتی و ئاشتەوایی دەوێ، ئەوا نابێ لە پرۆسەی ئاشتیدا ھیچ ترسێک لە گوتنی راستییەکان بێ.
لە ھەر قۆناغێکدا جیاوازی نێوان کردارییەکان لە دروستکردنی بڕیار لەگەڵ لاوازەکان لە ئەدای بڕیاڕدا دوو شتە، یەکەمیان بەرپرسیارێتی ھەڵدەگرن و شان دەدەنە بەرپرسیارێتی دەتوانن لە ئەنجامی بەردەوامیدا شکست بگۆڕن بۆ سەرکەوتن، دووەمیان دەرفەتەکان لەبەر نەبوونی توانایان لەدەستدەدەن و سەرکەوتن بەشکست دەگۆڕنەوە و لە ئەدایاندا خێرا دەکەون.
لێرە فەڵسەفەی دیپلۆماسی ھەر ھێزێک گرینگە، سەرکەوتووەکان لە ھەر پێگەیەکی بڕیاردابن زۆر جدین کە کێشەکان لەسەر بنەمای دەرونزانی نەخشەرێگای چارەسەری بۆ دەکێشن، دیاریکردنی کێشە، قەبارەی کێشە، شێوازی چارەسەر، بڕیاڕی یەکلاکەرەوە دەدەن کە ئەمەش بوێری دروستدەکات.
ئەوانەی کە بەرەو شکست ھەنگاو دەنێن، بیانوو دەگرن، نەخشەرێگای چارەسەری بە پێچەوانەوە دەستپێدەکەن، ئاڵۆزی و قەیران دەخەنە بەردەم کێشەکان.
نێو ماڵی کوردی پێویستی بە بڕیارێکی بوێر ھەیە، نەوەک گێڕانەوەی حکایەتی دوێنێ، ئێستا کاتی قسەی جدییەو بۆ ئەمڕۆ بڕیارەکان پێویستە بە بوێری بدرێن، کە ئایا دەگەڕێینەوە (دوێنێی دوور)کە دوو حکوومەت بووین، یان (دوێنێی نزیک) کە لەیەک فۆڕمی حوکمڕانی دا بووین، یان ئەمڕۆ بە تێگەیشتنی نوێ ھەندەسەی حوکمڕانی بەقەد قەبارەی کاریگەری و پێگەی جەماوەری دیزاین دەکەین.

دڵخوازەكانتان