لە كابینەی نۆیەمدا بە 279 مۆڵەتی وەبەرهێنان بایی 13 ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری دەكرێت
لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا، بایی زیاتر لە 13 ملیار دۆلار وەبەرهێنان كراوە. بەرپرسێكی دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت: “لە كابینەی نۆیەمدا جەخت لە پڕۆژەی ستراتیژی كراوەتەوە كە هۆكارن بۆ دروستكردنی ژێرخانی ئابووریی بەهێز، وەكوو ناوچە پیشەسازییەكان و كارگەی گەورە و پڕۆژەی پیشەسازی و گەشتیاری و كشتوكاڵی.”
بەپێی ئامارێكی دەستەی وەبەرهێنان، لە ماوەی چوار ساڵی كاركردنی كابینەی نۆیەمدا، بە سەرمایەی 13 ملیار دۆلارەوە مۆڵەت بە 279 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە.
بەپێی ئامارەكە، لەو ماوەیەدا زۆرترین مۆڵەت بە پڕۆژەی پیشەسازی دراوە، كە ژمارەیان 80 پڕۆژە بووە، پاشان پڕۆژەی بازرگانی 69 پڕۆژە و ئینجا پڕۆژەی گەشتیاری 39 پڕۆژە بووە. پڕۆژەی فێركردنیش 25 پڕۆژە و نیشتەجێبوون 23 پڕۆژە و تەندروستی 20 پڕۆژە و كشتوكاڵ 11 و وەرزشی 7 پڕۆژە و بانكەكان 2 پڕۆژە و هونەری و خزمەتگوزارییش هەریەكە و بە یەك پڕۆژە.
بەپێی بەدواداچوون، هۆکارەكەی زۆربوونەكە بۆ ئاسانکارییەکانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، کە لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان زیاتر بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت.
د.هەڤاڵ سدیق ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان، راگەیاند: “ئەگەرچی كابینەی نۆیەم دووچاری چەندین ئاستەنگ هات، وەكوو پەتای كۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی، بەڵام لەو چەند ساڵەدا، بایی 13 ملیار دۆلار وەبەرهێنان كراوە، ئەوەش ئاماژەیەكی دڵخۆشكەرە.”
ئاماژەی بەوەش دا: “ئێمە لەم كابینەیەدا جەخت لە پڕۆژەی ستراتیژی دەكەینەوە، كە هۆكارن بۆ دروستكردنی ژێرخانی ئابووریی بەهێز، وەكوو ناوچە پیشەسازییەكان و كارگەی گەورە و پڕۆژەی پیشەسازی و گەشتیاری و كشتوكاڵی.”
هەڤاڵ سدیق ئیسماعیل جەختی كردەوە، ئامانجی كابینەی نۆیەم لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، دروستكردنی ژێرخانێكی بەهێزی ئابوورییە، گوتیشی: “ئەگەر ئەو ژێرخانە دروست بوو، ئەوا سەقامگیریی ئابوورییش دروست دەبێت و پاشان دەتوانین بازنەی وەبەرهێنان فراوانتر بكەین، بەتایبەت وەبەرهێنانی بیانی.”
له ماوهی سێ ساڵی كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، (28ـی تهمووزی 2019 تاوهکوو 27ـی حوزهیرانی ساڵی 2022)، مۆڵەت بە 206 پرۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی 11 ملیار و 629 ملیۆن دۆلار بووە، بۆیە لە 27ی حوزەیرانی 2022 تاوەكوو 27ی حوزەیرانی 2023، واتا لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا، 77 مۆڵەتی تازەی وەبەرهێنان دراوە و نزیكەی دوو ملیار دۆلاریش وەبەرهێنان كراوە.
ساڵی 2020، که پهتای کۆرۆنا سهرجهم جیهانی گرتهوه و ههرێمی کوردستانیش له کاریگهرییه نهرێنییهکانی بێبهش نهبوو، بهڵام 76 پڕۆژه لهو ساڵهدا مۆڵەتیان وەرگرتووە. لە ساڵی 2021 پڕۆژهکان بهردهوام بوون و 70 پڕۆژهی جۆراوجۆر مۆڵەتیان وەرگرت.
لە ساڵی 2022دا دەست بە جێبەجێكردنی 89 پرۆژەی وەبەرهێنان كراوە، بە سەرمایەی 2 ملیار و 135 ملیۆن و 418 هەزار و 819 دۆلار، ئەو 89 پرۆژەیە لەلایەن وەبەرهێنەرانی ناوخۆییەوە بە سەرمایەی دوو ملیار و 79 ملیۆن و 121 هەزار و 19 دۆلار بووە.
ئەحمەد ڕێكانی، سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان گوتی: “لەم كابینەیەدا وەبەرهێنەرانی كوردستان بەشدارییەكی باشیان لە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵیدا هەبووە، چەندین كارگە و كارخانەی پیشەسازیی بەتوانا و بە سەرمایەی خۆماڵی كراونەتەوە، ئەو ژمارە زۆرەی وەبەرهێنانی خۆماڵی لەو چەند ساڵەی دواییدا بۆ سامانی نیشتمانی و پشتبەستن بە توانای ناوخۆی ئومێدبەخشە.”
هەندێك لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە كابینەی نۆیەم، كە لە لایەن سەرۆكی حكوومەت بەردی بناغەیان داندراوە:
– رۆژی 22ی 6ی 2020 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای دابین، لە پارێزگای هەولێر دانا، كە توانای ساڵانەی 2 ملیۆن تەن چیمەنتۆیە.
– رۆژی 2ی 11ی 2020، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی لە هەولێر دانا، كە سەرمایەكەی 250 ملیۆن دۆلارە.
– رۆژی 25ی 3ی 2021مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان له مهراسیمێكدا بهردی بناغهی پڕۆژهی بهبازاڕكردنی گهنمی جووتیارانی له پارێزگای سلێمانی دانا.
– رۆژی 8ی 4ی 2021ەردی بناغەی پرۆژەی كارگەی شەكری بیتوێن لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دانرا كە رۆژانە 5000 تۆن چەوەندەر لە جووتیاران وەردەگرن و 600 تۆن شەکر بەرهەم دەهێنێ.
– رۆژی 23ی 5ی 2021، بەردی بناغەی پڕۆژەی ستراتیژی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای سلێمانی، لە لایەن سەرۆكی حكوومەت دانرا، كە تێچووی پڕۆژەکە زیاتر لە 122 ملیۆن دۆلارە.
– رۆژی 7-10-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سایلۆی کەلاری لە ئیدارەی گەرمیان كردەوە كە بە گوژمەی 41 ملیار دینار دروست كراوە و توانای 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە و دەتوانرێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ گەنمی تێدا هەڵبگیرێت.
– رۆژی 17ی 6ی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی کارگەی جووتیاری بۆ بەرهەمهێنانی فینگەر لە پەتاتە، لە ناحیەی روڤیای سهر به پارێزگای دهۆك دانا، كە سەرمایەكەی 10 ملیۆن دۆلارە.
– رۆژی 20ی 9ی2021 بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت، بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای دهۆک، قەزای سێمێل داندرا، بە سەرمایەی زیاتر لە 121 ملیۆن دۆلار.