کابینەی نۆیەم نزیکەی 100 هەزار هەلی کاری ڕەخساندووە

ئەمڕۆ دووشەممە فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە یادی چوار ساڵەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەژێر دروشمی (کوردستانێکی بەهێزتر) لە ئیڤێنتێکدا رای گەیاند كە کابینەی نۆیەم نزیکەی 100 هەزار هەلی کاری ڕەخساندووە.

لە ئیڤێنتەكەدا بە داتا، کار و پڕۆژەکانی چوار ساڵی ڕابردووی کابینەی نۆیەم خرایەڕوو، تیایدا د.جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە گوتارێکدا ڕای گەیاند: ” 80٪ـی ئەو بەڵێنانەی کە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هەبوون و بەڵێنی جێبەجێکردنیان درا، سەرەڕای ئەو قەیرانانەی کە ڕووبەڕووی کابینەکە بوونەوە، بەدی هاتوون.”

لەبارەی ڕەخساندنی هەلی کاریشەوە، د.جوتیار عادل، ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی کار و پڕۆژەکانی حکوومەتەوە لە ماوەی چوار ساڵی کابینەدا نزیکەی 100 هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ و دەیان هەزار هەلی کاری ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان ڕەخسێنراوە.

بوای چاکسازی
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای دەست بەکاربوونیەوە هەنگاوی جدی بۆ چاکسازیی هەڵگرت و لەو بارەشەوە سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕای گەیاند: ” لەم کابینەیەدا ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە دامەزرا، یاسای چاکسازی لە مووچە و دەڕماڵە و بەخشین و خانەنشینی دەرچوێنرا و سێ ڕاپۆرت لەو بارەیەوە ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان کرا.”

ئاماژەشی بەوەدا کە لە بواری کەمکردنەوەی ڕۆتین، کابینەی نۆیەم 28 خزمەتگوزاریی بە ئەلیکترۆنی کرد، کە کاریگەریی لەسەر زووتر ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان هەبووە و هەر لە ماوەی ئەو کابینەیەشدا سەرجەم بەرپرسانی باڵای حکومەت، فۆڕمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندی داراییەکان پڕکردووەتەوە.

لە سێکتەری تەندروستیشدا کابینەی نۆیەم چەندین کاری ئەنجامداوە و لەو چوارچێوەیەشدا کۆگای ناوەندی نیشتمانی بۆ دەرمان دامەزراندووە و نرخی چەند جۆرێکی دەرمانی لە دەرمانخانە حکومییەکان یەکخستووەتەوە.

لە بواری سەربازیشدا کابینەی نۆیەم توانیویەتی چاکسازی دیار لە هێزی پێشمەرگە بکات. د.جوتیار عادل دەڵێت: ” لەم کابینەیەدا لیوا هاوبەشەکان لە 14 لیواوە بوونەتە 21 لیوا و لە هەمان کاتیشدا هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی دیاردەی چەکداری و چەکی بێمۆڵەت بەردەوام بوون، ئەوەش لەپێناو بەرقەرار کردنی یاسا لە هەرێمی کوردستان.”

بواری خزمەتگوزاریی
سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی کە ڕووبەڕووی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوویەوە، بەڵام توانرا لە ماوەی ئەو چوارساڵەدا لە بواری تەندروستی ٨٣ پڕۆژە جێبەجێ بکرێت و لە کەرتی کارەباشدا 702 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنرێت و بخرێتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی. لە هەمان کاتیشدا بە دانانی پێوەری زیرەک و سیستەمی پریپەید 10٪ ڕێژەی بەفیڕۆچوونی کارەبا کەم کراویەوە و گرنگی بە بەرهەمهێنانی کارەباش لەڕێگەی وزەی خۆرەوە درا و تا ئێستاش 12 مێگاوات کارەبا لەو ڕێگەیەوە بەرهەم هێنراوە.

سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاشیگەیاند: ”لە بواری پەروەردەشدا لە کابینەی نۆیەم 260 پڕۆژەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندنی جێبەجێکراون و زیاتر لە 19 هەزار قوتابی سەرشەقامیش گەڕێندراونەتەوە بۆ خوێندن.”
بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو کابینەی پلانی تۆکمەی هەبووە و لەو چوارچێوەیەشدا توانی چوار بەنداوی ستراتیژیی بە گوژمەی 243 ملیار دینار دروست بکات و 22 پۆندیش نۆژەن بکاتەوە و 42 پۆندی دیکەش لەبواری جێبەجێکردندنان، ئەمە جگە لەوەی کە 5 ملیار دیناری بۆ ڕێگریی کردن لە دروستبوونەوەی لافاو تەرخان کردووە.
لە بواری ڕێگا و بانیش کابینەی نۆیەم توانیویەتی 997 پڕۆژە بە گوژمەی 6.3 تریلیۆن دینار لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات و تا ئێستاش 138 هەزار کرێکار دەستەبەرکراون.

گرنگیدان بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان یەکێکی دیکە بووە لە کارە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا توانراوە ڕێژەیەک لە یەکەکانی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالکراوان تەرخان بکات و بەردەوامیش پاڵپشتی دارایی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بووە.

هەر لەم کابینەیەشدا گرنگییەکی زۆر بە بواری بازرگانی و پیشەسازی دراوە و لەو بارەیەوە د.جوتیار عادل ڕایگەیاند:” مۆڵەت بە 786 کارگەی بازرگانی و پیشەسازی دراوە، کە گوژمەکەیان 1,75 ملیار دۆلار بووە و زیاتر لە 13 هەزار هەلی کاریان بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە. لە هەمان کاتدا گرنگییەکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵی داوە و هەر لەم سێکتەرە 190 پڕۆژەی جیبەجێکردووە، لە سێکتەری گەشتوگوزاریش 63 پڕۆژەی جیبەجێکردووە.

کابینەی نۆیەم ژینگەیەکی گونجاویشی بۆ وەبەرهێنەران ڕەخساندووە و لەماوەی چوار ساڵی تەمەنیدا مۆڵەتی کارکردنی بە 277 پڕۆژەی وەبەرهێنان داوە کە سەرمایەکەیان 13,5 ملیار دۆلار بووە.

دڵخوازەكانتان