به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئیجابی بوو.

فازڵ میرانی به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، ئێمه‌ وه‌ك پارتی نه‌مانگووتووه‌ یه‌كێتی هێز نییه‌، كاتی خۆی یه‌كێتی كورسی پێویستیان نه‌هێناو و ئێمه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانمان پێدان و هه‌میشه‌ مامه‌ڵه‌ی كورسیمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نه‌كردووه‌، پارتی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاو گرتووه‌.

میرانی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، سیاسه‌ت زانسته‌ و میزاج نییه‌، دڵنیابن ده‌رگاكانمان داناخه‌ین، له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئاینده‌ كێشه‌كانی دیكه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین.

ده‌شڵێت: “به‌رپرسیارێتی ئێمه‌ له‌ قۆناغی ئێستادا پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌ریمی كوردستان، به‌رده‌وامبوونی دیموكراتییه‌ت، پێكه‌وه‌ ژیان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بۆشاییه‌ ده‌ستوورییه‌”.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی تەممووزی 2023، شاندێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام و هەردوولا بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و چەند پرسێکی هەنوکەیی تایبەت هەرێمی کوردستان و عێراق، لە سەرووی هەمووشیانەوە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، کۆبوونەوە.

شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هوشیار زێباری، مەحموود محەممەد و زاگرۆس فەتاح پێکهاتبوو. شاندی یەکێتیش لە بافڵ تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، جەعفەر شێخ مستەفا و شاڵاو عەلی عەسکەری پێکهاتبوو.

ئەم کۆبوونەوەیە درێژەپێدەری دوایین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو مەکتەب سیاسی بوو، کە رۆژی دووشەممە 26ـی حوزەیرانی 2023، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر بەڕێوەچوو.

رۆژی 18ى کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق ئەنجام دەدرێت. پێشتر نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان رۆژی 18ـی تشرینى دووەمى 2023ى دیاریکردبوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەرلەوەى لە 30ى ئایار دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق درێژکردنەوەى تەمەنى خولی پێنجەمی پەرلەمانى کوردستان بە “نادەستوورى” لەقەڵەم بدات

دڵخوازەكانتان