دانه‌گاز: به‌رهه‌مهێنانی گاز له‌ كێڵگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زیادی كردووه‌

كۆمپانیای دانه‌گاز راپۆرتی نیوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌مساڵی چالاكییه‌كان و داهاتی خۆی راگه‌یاند و به‌پێی راپۆرته‌كه‌، داهاتی كۆمپانیاكه‌ له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا 284 ملیۆن دۆلار بووه‌ و له‌و بڕه‌ش 111 ملیۆن دۆلاری قازانج بووه‌.

كۆمپانیای دانه‌گاز ئاماژه‌ی داوه‌، به‌راورد به‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو، داهاتیان 31٪ زیادی كردووه‌ و به‌شێك له‌ هۆكاره‌كه‌شی بۆ په‌ره‌پێدانی چالاكییه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ داهاتی كۆمپانیاكه‌ بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، گه‌یشتووه‌ته‌ 284 ملیۆن دۆلار، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ داهاته‌كه‌ له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی 2021 بریتی بووه‌ له‌ 216 ملیۆن دۆلار و ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات داهاته‌كه‌ 68 ملیۆن دۆلار هه‌ڵكشاوه‌.

بەگوێرەی مارکێت سەنتەر، له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ش كراوه‌ سه‌ره‌ڕای كێشه‌ ته‌ناهییه‌كانی ناوچه‌كه‌، كۆمپانیا به‌ رێكوپێكی له‌ كاره‌كانی به‌رده‌وامه‌ و هیچ پچڕانێك له‌ چالاكییه‌كانی رووی نه‌داوه‌.

به‌گوته‌ی دانه‌گاز به‌رهه‌مهێنان له‌ كوردستان به‌ رێژه‌ی 1% زیادی كردووه‌ و له‌ په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌كه‌ش به‌رده‌وامه‌ و هه‌نگاوی باشیان بڕیوه‌، كۆمپانیاكه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران كار ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی نیگه‌رانییه‌ ته‌ناهییه‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی بیناسازی.

جێی باسه‌ له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا، چه‌ند جارێك له‌لایه‌ن میلیشیاكان هێرشی مووشه‌كی كرایه‌ سه‌ر پڕۆژه‌كانی دانه‌گاز له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام نه‌یانتوانی هیچ زیانێك به‌ چالاكییه‌كانی كۆمپانیاكه‌ بگه‌یه‌نن.

دڵخوازەكانتان