ڕێبواریش قسه‌ی هه‌یه؟!
ڕاستی بورهان
ئه‌وه‌ی گرێی ده‌روونیی هه‌بێت، ناتوانێ واقیع وه‌ك خۆی ببینێت، به‌ڵكو گرێ ده‌روونییه‌كه‌ی ئاراسته‌ی ده‌كات. رێبوار كه‌ریم وه‌لیش به‌و هه‌موو گرێ ده‌روونییه‌ی هه‌یه‌تی، قسه له‌باره‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. ئاخر هه‌ر ئه‌و گرێ ده‌روونییانه‌ش بوون بۆ مه‌یدانی په‌ت په‌تێن پاڵیان پێوه نا، سه‌ره‌نجام گرییه‌كانی زیاتر بوون، چونكه مرخی له‌و په‌ت په‌تێنه خۆش كردبوو، به‌ڵام ناكۆكی و ڕووداوه‌كانی ئه‌و شوێنه‌ی بۆی چوو بوو، ڕێگه‌یان لێ گرت، بۆیه زۆر جار توانج له‌و كه‌سانه ده‌دات، كه لێنه‌گه‌ڕان به كه‌یفی خۆی ببێته ئه‌ستێره‌ی ئه‌و لایه‌نه، به‌مه‌یش هێنده‌ی دی باری ده‌روونیی خراپتر بوو.
ڕێبوار كه له‌سه‌رده‌می پاره زۆری‌دا، به بودجه‌یه‌كی زۆره‌وه سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌یه‌ك بوو، ئه‌و ژینگه‌یه‌ش ده‌رفه‌تی زۆری بۆ ڕه‌خساند كه سوودمه‌ند بێت، كه‌چی هاتووه قسه له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی ده‌كات.
به‌و هه‌موو گرێ وگۆڵه ده‌روونی و په‌ت په‌تێنییه‌وه، ده‌یه‌وێ له ڕێی قسه‌كردن له‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌م، یاری به هه‌ستی هه‌ندێ كه‌س بكات و دڵی ئه‌وانه‌ش خۆش بكات، كه له‌وسه‌ری په‌ته‌كه‌ن.
به لای خه‌ڵكی كوردستان و جه‌ماوه‌ری پارتییه‌وه، كابینه‌كان هه‌موویان ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، پارتی ئه‌و كابینانه لێك جیاناكاته‌وه، هه‌ریه‌كه و له قۆناغی خۆیدا، ئیشی خۆی كردووه، هه‌ر یه‌كه‌شیان به جیا ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگاریی زۆر بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام له هه‌موویان زیاتر كابینه‌ی نۆیه‌م. چونكه ئه‌و گوشارانه‌ی پێشتر له كابینه‌كانی دیكه‌ش هه‌بوون، له سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌مدا زیاتر بوون، تا به‌وه گه‌یشت چه‌ند جارێك پایته‌خت بۆردومان كرا.
نیوه‌ی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌م، خراپترین بارودۆخ بوو، كه كابینه‌كانی پێشتر به‌و شێوه‌یه ده‌ستیان پێ نه‌كرد، چونكه جیا له گرفته كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان، كۆڕۆنا و داته‌پینی نرخی نه‌وت، له ساڵی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی كابینه‌كه‌دا، گه‌وره‌ترین كۆسپیان بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروست كرد.
ڕێبوار له هه‌موو كه‌س باشتر ده‌زانێ، كه پارتی شانی داوه‌ته‌به‌ر به‌رپه‌رسیاریه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، ئاخر ئه‌و گوشارانه‌ی له‌سه‌ر پارتی بوون، مه‌گه‌ر هه‌ر پارتی به‌رگه‌یان بگرێت.هه‌ندێ میدیا و لایه‌ن، هاوشانی گوشاری ده‌ره‌كی بوون، بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. به‌ڵام ڕێبوار ناچاره وه‌ك ئه‌و میدیایه‌ی چه‌ند ساڵێكه په‌لاماری كوردستان و پارتی ده‌دات، ئه‌ویش هه‌مان ده‌سته‌واژه به‌كاربێنێت و هه‌مان ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی گرتۆته‌به‌ر، كه دژایه‌تی كوردستانی پێ ده‌كه‌ن.
كابینه‌ی نۆیه‌م، له چاوی ئه‌وانه‌وه ڕه‌شه، كه گرێی ده‌روونیان هه‌یه و به‌رنامه‌ی چاكسازیی حكوومه‌ت، ڕێگه‌ی گه‌نده‌ڵی و خراپه‌كاریی لێ گرتن. هه‌موو ئه‌و گوشارانه‌ی خراونه‌ته سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم و پارتی، به‌هۆی خۆڕاگری و به‌رگریكردنه‌وه‌یه له قه‌واره‌ی هه‌رێم.
ئه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه، ئه‌و میدیا و میدیاكار و لایه‌نانه‌ن، كه له جیاتی میدیای ده‌وروبه‌ر ماكینه‌ی راگه‌یاندنیان دژی هه‌رێمی كوردستان خستۆته گه‌ڕ.
ڕێبوار و هاوبیچمه‌كانیشی ناتوانن به‌و یه‌ك دوو وتارۆكانه، كار له ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن و خۆیان پاك بكه‌نه‌وه.