لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر فەتوایەکی پێشتری لەبارەی لەباربردنی کۆرپەلە دەکاتەوە

لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر کۆرپەلە لەناو سکی دایکیدا بە بەڵگەی پزیشکی سەلمێندرا مەترسی بۆ سەر ژیانی دایکی هەیە یاخود ناتەواوی جەستەیی یان نەخۆشیەکی ترسناک و درێژخایەنی هەیە، رێگە دراوە لەو كاتانەدا کۆرپەلە لەبارببرێت بەو مەرجەی واژۆكردنی بڕیاری لەباربردنەكە لەلایەن لیژنەی پزیشكی بێت‌ و لە نەخۆشخانەكانی حكومەت ئەنجام بدرێت، دوای وەرگرتنی واژۆی رەزامەندی باوك‌ و دایكی كۆرپەلەكە.

هەر چەندە ئەم فەتوایە لە ساڵی 2013 دەرکراوە لە وەڵامی نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە کە ئاراستەی لیژنەی باڵای فەتوای کردووە، ئەمڕۆ (22ـی حوزەیرانی 2023) لە روونکردنەوەیەکدا لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لەسەر داوای بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی و پزیشکان و هاووڵاتییان جارێکی دیکە بڵاوی کردووەتەوە.

لە ناوەڕۆکی فەتواکەدا هاتووە، “لەباربردن لەهەر قۆناغێكدابێت پێش گیان لەبەراكردن پەسەند و باش نییە، هەتا ئەگەر هاتوو لە سەراتاكانی دووگیانی ‌و خولقانی كۆرپەلەشەوە بێت، بەبێ‌ هۆكار و پاساوێكی دروست‌ و پێویست. بەڵام ئەگەر پاساوێكی دروست ‌و گونجاو هەبوو پێش چوار مانگ دوای لێكۆڵینەوە و بڕیاری لیژنەی پزیشكی كە ئەو كۆرپەلە دەبێتە هەڕەشە لەسەر گیانی دایكی، یان تووشی نەخۆشییەكی ترسناك ‌و درێژخایەن بووە، وەك دڵ کونی‌، تالاسیما، نەخۆشی گوازراوەی وەك سیل‌، شێرپەنجە‌، تەشوهاتی خەلقی‌  ..هتد. رێگە دراوە لەم كاتانەدا لەبارببرێت”.

لەبارەی مەرجەکانی لەباربردنی کۆرپەلەش، لیژنەکە ئاماژەی بەوەکردووە، واژۆكردنی بڕیاری لەباربردنەكە دەبێت لەلایەن لیژنەی پزیشكییەوە بێت ‌و لە نەخۆشخانەكانی حكومەت ئەنجام بدرێت، دوای وەرگرتنی واژۆ و رەزامەندی باوك ‌و دایكی كۆرپەلەكە.

لە بەشی دووەمی فەتواکە لەبارەی لەباربردنی کۆرپەلە دوای گیان لەبەركردن، لیژنەی باڵای فتوای هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، “هەموو زانایانی فیقهی ئیسلامی یەكدەنگن كە لەباربردنی حەڕامە و قەدەغەیە و رێگە پێدراو نییە، وەك كوشتنی نەفسێكی بێ‌تاوان وایە”.

هاوکات لە فەتواکەدا باس لەوەشکراوە، لە دوو حاڵەتدا دوای گیان لەبەرکردن، رێگەپێدراوە کۆرپەلە لەباربرێت، “ئەگەر مەترسی بۆ سەر ژیانی دایكەكەی دروستکرد، جا ئەگەر ئەو مەترسییە راستەقینەیەكی پزیشكی بێت نەك گومان، ئەوە لەوكاتەدا دەتواندرێت بڕیاری هەڵبژاردن بدرێت لە نێوان دایكەكە و كۆرپەلەكەدا، پاشان كۆرپەلەكە لەبار ببرێت، چونكە بەرژەوەندی مانەوەی دایك لە پێشترە لە كۆرپەلەكە”.

هەروەها لە حاڵەتی دووەمدا، كاتێک‌ كۆرپەلەكە دوای گیان لەبەرکردن، “تووش بووبێت بە نەخۆشییەكی قوڕسی بۆماوەیی كە لە دوای لەدایكبوونی ژیانی ئەستەم بێت وەك دروستبوونی كۆرپەلە بەبێ‌ سەر، یان بێ‌ مێشك ‌و دەماغ، یان بێ‌ گورچیلە، یان بێ‌ دڵ، هەندێ لە زانایان رێگەیان بە لەباربردنی داوە كاتێک لەلایەن لیژنەیەكی پزیشكی باوەڕپێكراوی پسپۆڕ بڕیار دەردەچێت، بەو واتایەیی كە لە حاڵەتی بوونی گوماندا دروست نییە لەبارببرێت، ئەگەر گومانیش نەبوو ئەوا زۆر ئاساییە لەبارببرێت”.

دڵخوازەكانتان