سەرەڕای بەھێزی شەپۆڵی گەرما و خواستی زۆر رێگە نەدرا کارەبا کەم بێتەوە

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، سەرەڕای ئەوەی کە فشارێکی زۆر لەسەر کارەباى نیشتیمانی ھەبوو بەھۆی خواستی زۆر لەسەر کارەبا بەھۆی شەپۆڵی بەھێزی گەرماش، بەڵام بە ھەوڵێکی زۆر توانیمان رێگە نەدەین کاتژمێرەکانی کارەبا کەم بێتەوە.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “ئەو شەپۆڵە بەھێزەی گەرما کە ھەرێمی کوردستانی گرتەوە سەرەتا کاریگەری ھەبوو دواتر خواست بۆ سەر کارەبا زیاد بوو کارەبای زۆر بەکارھێندرا، بۆیە فشارێکی زۆری لەسەر بوو، ھەروەھا زۆر بەکارھێنانی لۆدێکی زۆر دروست ببوو، بەڵام رێگەمان نەدا خزمەتگوزاری و دابینکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا کەم بێتەوە و کۆنترۆڵمان کرد”.

ئومێد ئەحمەد گوتیشی: “سەرەتای شەپۆڵەکە کاتژمێرەکانی بۆ نزیکەی ١٢ کاتژمێر دابەزی، بەڵام توانیمان کۆنترۆڵی بکەین و کاتژمێرەکان زیاد بکەینەوە بۆ ١٥ کاتژمێر و رێگە نەدەین کارەبا کەم بێتەوە، ئەوەش بە ھەوڵێکی زۆر، چونکە شەپۆڵەکەی گەرما بەھێز بوو ھاوکات خواستیش لەسەر کارەبا زۆر بوو”.

دڵخوازەكانتان