مەسرور بارزانی: دەستەبەری کۆمەڵایەتی باج نییە تەنها گەرەنتیکردنی داهاتووی کرێکارانە

جۆینی كەناڵی تیلیگرامی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی سلێمانی بكە

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: بەرنامەی حکومەت ئەوەیە هەموو کرێکارانی کەرتی تایبەت لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکرێن. ئاماژەی بەوەشدا، دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەک باج نییە تەنها گەرەنتیکردنی داهاتووی کرێکارانە.

سەرۆکی حکومەت، لەمیانی سەردانی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەولێر لەبارەی بە دیجیتەڵکردنی ئەرشیڤی ئەو بەڕێوەبەرایەتتە، گوتی: “ئامانج لەم کارە ئەوە بووە کە ئێمە بتوانین هەموو ئەو دۆکیومێنتانە بە دیجیتاڵی بکەین و خزمەتگوزارییەکان ئاسان بکەین، هەم ئاسانکاری بۆ حکومەت بکرێت و هەم بۆ کرێکاران”.

مەسرور بارزانی، راشیگەیاند: “ئەمە بێگومان یارمەتییەکی زۆری کرێکاران دەدات، لە هەمانکاتدا ئەو پێویستییانەی کە هەیانە بۆ دوای خانەنشین بوونیان ئەمانە هەمووی گەرەنتی دەکرێت، لە هەمانکاتدا ئەو بەشە پارەی کە کۆدەکرێتەوە، ئەمە باج نییە، یانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەک باج نییە، ئەمە تەنها گەرەنتیکردن و مسۆگەرکردنی داهاتووی ئەو کەسانەیە کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن”.

دەقی وتاری مەسرور بازرانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

سەردانی ئێرەمان کرد بۆ ئەوەی بزانین ئەو پڕۆسەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی چۆن بەڕێوەدەچێت، ئەمە پڕۆژەیەکە بۆ زیاتر گەیاندنی خزمەت بە هاووڵاتییان و بەتایبەتی کرێکاران، کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن. ئێمە بینیمان کە بە چ شێوەیەک ئەم دۆسیانە، ئەم دۆکیومێنتانە هەموویان لە شوێنی جیاجیا هەن و لەوانەیە زۆر ماوەیەکی دوورو درێژ بێت بۆ فەرمانبەرێک بتوانێت کار لەسەر ئەم فایلانە بکات.

ئامانج لەم کارە ئەوە بووە کە ئێمە بتوانین هەموو ئەو دۆکیومێنتانە بە دیجیتاڵی بکەین و خزمەتگوزارییەکان ئاسان بکەین، هەم ئاسانکاری بۆ حکومەت بکرێت و هەم بۆ کرێکاران.

بەرنامەی حکومەت ئەوەیە هەرچی کرێکارە لە کەرتی تایبەت هەمووان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکرێن، کە ئەمە دەبێتە هۆکارێکی زۆر بۆ هاوکاریکردن لە حکومەت و لە هەلی کار و یارمەتیدانی هاووڵاتییانیش بۆ ئەوەی روو لە کەرتی تایبەت بکەن، چونکە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوان لە کەرتی تایبەت مسۆگەر دەکرێت و پێویست نییە هەموویان تەنها روو لە کەرتی گشتیی بکەن بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی کە لە داهاتوودا مافەکانیان پارێزراوە. ئەمە ئامانجی سەرەکی حکومەت بووە و ئامانجەکەش ئەوەیە ئێمە بتوانین ئەو رێژەی کە تاوەکو ئێستا دەستەبەری بۆ کراوە کە وابزانم 10%ـە ئەوەی بیستوومە، ئەمە رۆژ بە رۆژ زیاد بکرێت و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیش چ لە وەزارەتەکان چ لە کەرتی تایبەت هاوکاری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بکەن بۆ ئەوەی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی خۆیان تۆمار بکەن.

ئەمە بێگومان یارمەتییەکی زۆری کرێکاران دەدات لە هەمانکاتدا ئەو پێویستییانەی کە هەیانە بۆ دوای خانەنشین بوونیان ئەمانە هەمووی زەمانەت و گەرەنتی دەکرێت. لە هەمانکاتدا ئەو بەشە پارەی کە کۆدەکرێتەوە، ئەمە باج نییە، یانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەک باج نییە، ئەمە تەنها گەرەنتیکردن و مسۆگەرکردنی داهاتووی ئەو کەسانەیە کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن، ئەمە دەکرێت سوودێکی دیکەشی لێ وەربگرێت، وەبەرهێنانی تێدا بکات و ئەمە یارمەتییەکی زیاتری بووژانەوەی ئابووری کوردستان دەدات.

سەیرمانکردن کە بە چ شێوەیەک کارێکی جیددی تێدا دەکەن، لەسەر ئاستی هەموو کوردستان بیستوومە کە زیاتر لە 40 هەزار دۆسیە هەیە کە کاری تێدا دەکەن، لە هەولێر و پارێزگاکانی تر، دهۆک، سلێمانی، لە ئیدارە سەربەخۆکان، لە هەموو ئەو شوێنانە خەریکن ئەوانەش بخرێنە پڕۆسەکەوە و کارێکی وردە، بەڵام بیستوومە کە لە ماوەی چەند مانگێکی داهاتوودا ئینشائەڵڵا تەواو بکرێن. ئەمە ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ فەرمانبەرانیش بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش هاوکارییەکی زۆر دەبێت.

لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی بەڕێز وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و تیمەکەی بکەم، هەروەها سوپاسی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری بکەم و ئەو تیمەی کە لای خۆشمەوە دەستنیشانمکردون بۆ یارمەتیدان و هاوکاریکردن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە. هیوادارم ئەم پڕۆژەیە و هەموو پڕۆژەکانی تر کە لە بەرنامە و ئەجندای ئەم حکومەتدا هەن لە زووترین کاتدا جێبەجێبکرێن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین خزمەتێکی زیاتری هاووڵاتییان بکەین و ئەو دڵنیاییەی کە خەڵک و کرێکارانیش مەبەستیانە پێیان بدەین.

هەر سەرکەوتووبن. جارێکی دیکە تەمەنای سەرکەوتنان بۆ دەکەم. زۆر زۆر سوپاس.

دڵخوازەكانتان