دادگەى فیدراڵیى عێراق رێکارێکى نوێ لەبارەى تانەدان لە یاساى بودجە دەگرێتەبەر
بۆ یەکەمجار رێکارێکى نوێ لەلایەن دادگەى فیدراڵیی عێراقەوە کارى پێدەکرێت لە پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو سکاڵایانەى لە دژى یاساى بودجە تۆمار دەکرێن کە نابێت لە 30 رۆژ لە دواى کارابوونى یاساکە تێپەڕێت. ئەندامێکى لیژنەى یاسایی دەڵێت: “بۆ کێشەى دەستووریى نێو یاساى بودجە پەنا بۆ دادگەى فیدڕاڵى دەبرێت، بەڵام بۆ پرسە ئیدارییەکانى دیکە سکاڵا لە دادگەى دیکە تۆمار دەکرێت.”
رۆژی 12ى حوزەیرانى 2023 پەرلەمانى عێراق یاسای بودجەى گشتى پەسند کرد کە بۆ ماوەى سێ ساڵە و قەبارەکەى نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە.
کارابوونى یاساکە پێویستى بەوەیە لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانەوە بنێردرێت بۆ سەرۆککۆمار، ئەویش لەدواى واژۆکردنى، ئاراستەى وەزارەتى دادى دەکات تاوەکو لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقى بڵاوبکرێتەوە، پاشان وەزارەتی دارایی رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی دەردەکات.
بۆ یەکەمجارە تانەکان لە یاساى بودجەى گشتى لە دادگەى باڵاى فیدراڵى گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە، لە دواى ئەوەى لە مانگى شوباتى ساڵى 2023 ئەو دادگەیە پەیڕەوى ناوخۆکەى هەموار کرد.
بەگوێرەى مادەى 22ى پەیڕەوى ناوخۆى دادگەى باڵاى فیدراڵى دەبێت ئەو تانانەى لە یاساى بودجە یان بڕگەکانى دەدرێت لە ماوەى 30 رۆژدا لە دواى بڵاوکردنەوەى یاساکە لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى پێشکێش بکرێت.
یادگار مەحموود، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق راگەیاند: “دیاریکردنى ئەو مادەیە لە یاساى زۆر لە وڵاتاندا هەیە.”
ئەندامەکەى لیژنەى یاسایى گوتیشى: “بۆ کێشە دەستوورییەکانى نێو پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى دەبێت پەنا بۆ سکاڵاکردن ببرێت لە دادگەى باڵاى فیدراڵى، بەڵام بۆ کێشە ئیدارییەکانى دیکە دەتوانرێت هەرکاتێک بێت لە دادگەى دیکە سکاڵا تۆمار بکرێت.”