جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ” دیموکراتی کوردستان لە بوودجەی گشتی عێراق کە پەسەندکراوە ناڕازییە، بەڵام دەنگمان پێدا

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە بوودجەی گشتی عێراق کە پەسەندکراوە ناڕازییە بەھۆی ئەو دەستکاریانەی کراون، بەڵام دەنگمان پێدا بۆ ئەوەی بزانین کە حکوومەتی عێراق تاچەند پابەندی ئەوەش دەبێت کە پەسەندکراوە، ناوبراو جەختیش دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لەسەر ئەوەی پێویستە لەپارەی زیادەی نەوت پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بەرێژەی 12%بدرێتەوە.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، راگەیاند: “پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕازییە لەکۆی ئەو رێککەوتنانەی کراوە لەبارەی پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق، بەڵام ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگمان بەپڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراقدا بۆ ئەوەی بزانین کە حکوومەتی عێراق تاچەند پابەندی ئەو بوودجەش دەبن کە بەو شێوەی ئێستا لەلایەن پەرلەمانی عێراق پەسەندکراوە”.

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات: “پارتی دیموکراتی کوردستان ھەم سەرۆک بارزانی لەپەیامەکەیدا و ھەمیش پارتی ھەڵوێستی پارتیان راگەیاند و ئەمەش بنەمایەکە بۆ ھەڵوێستی فەرمیی ئێمە لەبارەی پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق”.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: “ئێمە دڵنیایین کە ئەو بڕگەیەی تایبەت بە پاشەکەوتی مووچە لەناو پەرلەمان دەنگی ھێناوە و بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران 12%جێگیر بکرێت، کە پێشنیارکراوە لەھەر پارێزگایەک نرخی نەوت گەیشتە زیاتر لە 70 دۆلار بۆ بابەتێک خەرج بکرێت و ئێمەش داوامان کردووە لە ھەرێمی کوردستان بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچە خەرج بکرێت”.

ھاوکات پێشی وایە، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر ھەوڵی دا بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق واژۆ کرابوو بەو جۆرە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت، بەڵام ھەندێک لایەن دەستکاری بوودجەیان کردوو گۆڕانکاریان لە ھەندێک بڕگە و ماددە کرد، کە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێک لە فراکسیۆنەکانیش دژی ئەو گۆڕانکاریانە بوون، بەڵام دواجاریش پەسەندکرا.

دڵخوازەكانتان