پرۆگرامكردنی مێشك

هیوا ئەحمەد

پرۆگرامكردنی مێشیك ژانەرێكی گەشە پێدانی مرۆییە لە زۆرێك لە وڵاتە پێشكەوتوەكانی دونیادا لە پێناو پێشخستنی تواناكانی مێشكدا بەكار دەهێنرێت و گەلێك ڕێگە و هەنگاوی بۆ دیاری كراوە، توانراوە سوودێكی یەكجا زۆروزەوەندەی هەبێت و پرۆسەكانی زیهنی بە جۆریك ئامادە بكرێت، كە بتوانێت لە ماوەیەكی كەمدا لێشاوی زانیارییەكان وەر بگرێت و لێكی بداتەوە، سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین كە مێشكی مرۆڤیش وەك هەموو بەشەكانی دیكەی  جەستەی تا ڕاهێنانی پێبكرێت، بەهێزتر دەبێت و توانای لێهاتوویی بەرزتر دەبێتەوە، وە بە پێچەوانەوە بەكار نەهێنرێت دەپووكێتەوە.

كاتێك زانیارییەكی نۆی وەردەگیرێت، دەمارەخانەكانی مێشك بۆ كۆگاكردن و لێكدانەوەی ئەو زانیارییە نوێیە پەیوەندییەكی نۆی دروست دەكەن، ئەمەش وا دەكات كۆگای زانیارییەكانی مێشك (هیپۆكامپۆس)ی گەورەتر بێت.

 مێشك (زیهن)ی هەموو مرۆڤێك لە دوو بەش پێك دێت، بەشی ئاگا و بەشی نا ئاگا، وردتر ڕوونی بكەینەوە، بەشی ئاگایی مێشك ئەو بەشەی یەكەمە كە ئێستا لەبیرمانە، بەشی نا ئاگایی (زانارییە كۆگا كراوەكان) هەمو ئەو شتانەیە لەئێستادا لەبیرمان نییە تا ئەو كاتەی وەگەڕ دەخرێت، بۆ نموونە: ئێستا كە ئەم بابەتە دەخوێنینەوە بیرمان لای وەزری هاوین نییە، لە كاتێكدا زانیاریمان هەیە لەسەر وەرزی هاوین، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە هیچ مرۆڤێك ناتوانێت هەموو زانیارییەكانی لە بەشی ئاگاییدا بێت، بەڵكو زۆرینەی زانیارییەكان لە بەشی نا ئاگاییدا كۆ دەبنەوە.

پرۆگرامكردنی مێشك هەنگاوی زانستیی سەلمێندراوە و بە سەدان لێكۆڵینەوەی لەسەر كراوە، یارمەتیدەرە بۆ خێرا فێربوون و پێشخستنی توانا مرۆییەكانیان، لێردا ئاماژە بە خاڵە گرنگەكانی دەكەین، كە ئەگەر پراكتیزە بكرێت، سوودی دەبێت، بەتایبەت بۆ قوتابیان و فێرخوازان بەتایبەتتریش لەم وەرزەدا كە بەشێك لە قوتابیان ساڵێكی خوێندنیان بە كۆتا گەیاندووە و ڕنگە بەشێكیشیان لە خۆئامادەكردندا بن بۆ خوێندنی بەشێك لە پەرتووكەكانی ساڵ داهاتوو، بەشێكیش وەك پۆلەكانی 12 و بۆسەرەوە لە خۆئامادەكردندان بۆ تاقیكرنەوەكانی كۆتایی ساڵ، ئەمە سەرباری ئەو ئازیزانەی كە لە خولی یەكەمی تاقیكردنەوەكاندا ئاستیان وەك پێویست نەبووە و دەمێننەوە بۆ خولی دووەمی تاقیكردنەوەكان .

1-باوەڕبەخۆهێنا: مرۆڤ دەبێت باوەڕ بە خۆی بهێنت كە دەتوانێت ئەو زانیارییە وەربگرێت، بۆ نموونە، باوەڕی تەواوت هەبێت كە دەتوانێت فێری زمانێكی نوێ ببیت، وانەیەك بەباشی لەبەر بكات، بە دڵنیاییەوە تا فێر دەبێت هەوڵی بێوچانی دەوێت، چونكە (باوەڕ) تەنیا پرنسیپە كە مرۆڤ بەوپەڕی مكووڕییەوە لە پیناویدا دەجەنگێت، و مرۆڤەكان لە پێناو باوەڕەكانیاندا ئامادەی مردنی بێ مەرجن.

2-هەنگاوی دڵنیایی: هەوڵبدە زانیاریاری كۆ بكەیتەوە و دڵنیابە كە دەبیت بە مرۆڤێكی پێشكەوتوو، هەرگیز بیر لەوە مەكەرەوە كە سەد هەزار وشەی زمانێكی بیانی، یان بابەتێكی خوێندن چۆن لەبەر دەكرێت، بەڵكو تەنیا بیر لە سەد وشە بكەرەوە كە لەبەری بكەیت، دوای ئەوە هەوڵ بدە بۆ سەد وشەی دیكە، درووست ئەمەش وەك ئەو پیاوەیە كە شەوێكی تاریك بە ڕێگەیەكدا دەڕوات بۆ ناو قەڵایەك، ئەو بە هیچ جۆرێك قەڵاكە نابینێت، تەنها چوار هەنگاوی بەردەمی خۆی نەبێت، ئەو چوار هەنگاوە دەبڕێت و چوار هەنگاوی دیكەش دەبینێت، بەو جۆرە بەردەوامە تا كاتێك دەزانێت گەشتووەتە ناو قەڵاكە.

3-شكاندنی فلتەرەكانی فێر بوون: مێشكی مرۆڤ كۆمەڵێك فلەتەری هەیە كە ڕێگرن لە ئاسان فێر بون، بە وەرگرتنی زانیاریی نوێ  ئەو فلەتەرانە كەم دەبنەوە، بە جۆرێك تا زانیاری زیاتر بێت، فلەتەر كەمترە و بە پێچەوانەشەوە، بۆنمونە، كاتێك مرۆڤێكی ئەفەریقی كە تەنها چەند جۆرێكی كەم خواردنی بینیوە، ئەگەر بچێتە فەڕەنسا سەدان جۆر خواردن دەبینێت، كە ناتوانێت بیانخوات و دڵی تێك دەچێت و ئەوەشی كە خواردبێتی ڕەنگە هەڵیبهنێتەوە، چونكە زانیاریی نییە لە سەر ئەو خواردنانە و پێشتر نەیبینیوە، دڵی نایبات و فلتەری لەسەر دەكات، مێشكی كەم زانیارییش بە هەمان شێوەی پیاوە ئەفەریقییەكەیە و ئەم بە بیرێكی نوێ  تێك دەچێتێت.

4- فۆتۆ ڕید: یەكێكە لە داهێنانەكانی نوسەری بیردۆزە زانستیەكان ( فۆڕشلی)ە، مانای ئەو كتێبەی لە بەردەستتدایە پێش دەستكردن بە خۆێندنەوە چاوخشاندنێكی خێرای پێدا بكە، بۆنموونە پێشكەكییەكەی بخوێنەرەوە، پێرستی كتێبەكە بخوێنەرەوە، دواتر لاپەڕەكانی هەڵبدەرەوە، ئەگەر شتێكی سەرجڕاكێشت بەر چاو كەوت لە ناو كەوانەدا یان بە فۆنتێكی جیاواز نوسرابوو، بیخوێنەرەوە، ئەوكات مێشك وێنەی كتێبەكە دەگرێت و دواتر لە كاتی خوێندنەوەی كتێبەكەدا هەست بە ئاشنایی دەكەیت، هەر لەگەڵ ئەمەشدا (سپید ڕید) هەیە، ئەویش واتا خوێندنەوەی خێرا بە چاو و پاشان مانادان بە وشەكان دێت، ئەمە جگە لە فێربونی زمانێكی نوێ كە بە دەنگەوە باشترە بۆ فێربوون.

5-دانانی كات: زۆر گرنگە كاتی دستپێكردن و تەواوبوون دیاری بكەیت، درێژی مەكەرەوە، چونكە دەمارخانەكانی مێشك خۆیان پرۆگرام دەكەن بۆ خیرا وەرگرتنی زانیاری، كاتێك بڕیار دەدەیت كتێبێك بە دوو ڕۆژ بخوێنیتەوە هەوڵ بدە لە دووڕۆژەكەدا تەواوی بكەیت، ئیدی توانای وەرگرتنی مێشكت ڕادێت لەگەڵ خێرا وەرگرتن.

6- پشوودان (ڕیلاكس) : هەموو مرۆڤێك پێویستی بە پشووە هەیە، بەجۆرێك هەموو جەستە و مێشك لە پشوودابێت، بەقسەی دڵ بكە بە عەقڵ یانی  ئەوشتانەی دڵت دەی خوازێت بیكە بەڵام بەشێوەیەك زیاند مەند نەبێت وە دوای تەواو كردنی كتێبێك یان بابەتێكی گرنگ  پاداشتی خۆت بكە.ئەمەش هانت دەدات بۆ زیاتر

 لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ترس و ڕاڕایی و دڵەڕاوكێ كاریگەری نێگەتیڤیان هەیە لە سەر توانای گەشەی مرۆیی ، هەوڵبدە نیگەرانەكانت  لە سەر پارچە كاغەزێك بنووسە، ئەوەش یارمەتیدەرێكی زۆر باشە بۆ تێپەراندنی ئەو دۆخە، مرۆڤ هەست بە باش بوون دەكات، وەك ئەوە وایە قسەی دڵت بۆ كەسێك كردبێت، هەروەها بنێشت جووین یارمەتیدەرەێكی باشە بۆ خوێندنەوە، ئەوەش سەلمێندراوە كە دوای وەرگرتنی زانیاری، خەوتن یارمەتیدەرە بۆ ئەوەزانیارییە تا بە تەوای لە مێشكدا جێگیر ببێت…، ئەوەشت بیرت نەچێت كە تێكدانی خشتەی خواردن كاریگەریی خراپی هەیە لە سەرمەزاج.

پێویستە مرۆ هەمیشە لە هەوڵی فێر بونی بابەت و زانستی نویدا بێت و هیچ كات لە فێر بون نەوەستێت.

لێرەدا بابەتەكە بە دێڕێك كۆتایی پێ دەهێنین كە ڕۆحی فەلسەفەی یابانییەكانە: “ئەگەر دوو ڕۆژت وەك یەك بوو، واتە ڕۆژێك شكستت هێناوە”.

دڵخوازەكانتان