دروستکردنی یوتێرنی ماڵتا کێشەیەکی گەورەی هاتووچۆی دهۆك چارەسەر دەکات
بەردی بناغەی قۆناغی یەکەمی دروستکردنی ئۆڤەرپاس و یوتێرنێک لە سەنتەری شاری دهۆک دانرا و پارێزگاریش دەڵێت، دوای جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە جەنجاڵی هاتووچۆ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەردی بناغەی قۆناغی یەکەمی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی “بناڤی یەک” و یوتێرنی “ماڵتا” لە سەنتەری شاری دهۆک دانرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، دروستکردنی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی بناڤی یەک، کێشەی جەنجاڵی هاتووچۆ لە سەنتەری شاری دهۆک و لەسەر شەقامی بارزان چارەسەر دەکات.
وەکو ئەوەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوازاری هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ دا، دوای دروستکردنی ئەو ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسە، بێجگە لە ترافیکلایتی شێخان، هیچ ترافیکلاییتێکی دیکە لەسەر رێگەی هاتووچۆی ئەو هاووڵاتییانەی هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نامێنێت کاتێک سەردانی دهۆک دەکەن.
هاوکات لەلایەکی دیکەوە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، دروستکردنی یوتێرنی ماڵتا کێشەیەکی گەورەی هاتووچۆی هاووڵاتییان لەسەر رێگەی بارزان چارەسەر دەکات و هۆکارێک دەبێت بۆ کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتووچۆی رۆژانە.
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش دا، کاتێک هاووڵاتییەک لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە دەچێتە هەولێر، لە تەواوی رێگاکە تەنها ترافیک لایتی شێخانیان لەبەردەمدا دەبێت و لە بەرنامەیاندایە ئەو ترافیکلایەتەش لابدەن.