یاسای بودجە؛ مانگانە بەغدا 775 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان دەنێرێت

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، دەبێت بەغدا مانگانە 775 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، کە بەشی 82٪ی مووچەی مووچەخۆران دەکات. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: “بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان مانگانە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەپێشترێتی حکومەت بۆ دابینکردنی مووچە دەبێت.”

بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار دینار دەبێت، ئەو پارەیەی بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخانکراوە، 9 تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن دینارە، بە دابەشکردنی ئەو بڕە بەسەر مانگەکانی ساڵ، دەردەکەوێت هەموو مانگێک ئەو پارەیەی بۆ مووچە تەرخاندەکرێت 774 ملیار و 959 ملیۆن دینار دەبێت، بەمەش هەرێمی کوردستان پێویستی بە 190 ملیار دیناری دیکە دەبێت بۆ ئەوەی مووچە بدات، کە مانگانە پێویستی بە 940 ملیار دینارە بۆ مووچە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە داهاتەکانی نەوت، پشت بە داهاتەکانی نێوخۆیی، 400 ملیار دیناری مانگانەی بەغدا و سەرچاوەی دیکەش بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران دەبەستێت، بەڵام ئێستا مووچەی مووچەخۆران بەهۆی زەحمەت کۆکردنەوەی ئەو داهاتانە، دوادەکەوێت.

خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی چۆنییەتی گەیشتنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 13-6-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “مانگانە ئەو پارەیەی کە دەبێت بەپێی یاسای بودجە بنێردرێت دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاساکەش دەبێت لەپێشترێتی بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران بێت، ئەوەش وادەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەندێک پارەی دیکە بێت بۆ ئەوەی مووچەی پێ دابینبکات.”

بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دەگاتە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن دینار، بەمشێوەیە دابەشبووە: 

– خەرجی بەکاربردن: 13 تریلیۆن و 428 ملیار و 663 ملیۆن دینار

– خەرجی وەبەرهێنان: 2 تریلیۆن و 780 ملیار و 976 ملیۆن دینار 

خەرجی بەکاربردن پێکدێت لە:

– مووچە: 9 تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن دینار

– پێداویستی خزمەتگوزاری: 1 تریلیۆن و 786 ملیار و 853 ملیۆن دینار

– پێداویستی شمەک: 453 ملیار دینار

– چاککردنەوە: 215 ملیار و 296 ملیۆن دینار

– بەخشین و یارمەتی و سوو و خەرجییەکانی دیکە جگە لە قەرزەکان: 328 ملیار دینار دینار 

– چاودێریی کۆمەڵایەتی: 1 تریلیۆن و 346 ملیار دینار

لە هەرێمی کوردستان 1 ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچەخۆر هەن، مانگانە بۆ دابینکردنی مووچەکانیان بڕی 940 ملیار دینار پێویستە.   

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 12-6-2023، دوای پێنج رۆژ لە مشتومڕ، پەرلەمانی عێراق گەورەترین بودجەی لەمێژووی خۆیدا پەسەندکرد کە زیاتر 198 تریلیۆن و 910 ملیار دینار (153 ملیار دۆلار) دەبێت.

دڵخوازەكانتان