نێچیرڤان بارزانی: ده‌بێ دڵنیایی تەواو هەبێت لەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی دوا ناخرێن
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەبارەت بە پەسەندکردنی بودجەی عێراق رایگەیاند، ده‌بێ دڵنیایی تەواو هەبێت لەوەی شايسته داراییيەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی دوا ناخرێن و فەرامۆش ناکرێن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: پێويسته ياساى بودجە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت و رەچاوی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسيی دەستووری و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان بكات و ماف و بەرژەوەندیيەکانيان بپارێزێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازى لە پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵيی عێراق دەکات و دەشڵێت: هیوادارین ببێتە نەخشەڕێیەکی باش بۆ پێشكه‌وتنى ئابوورى و سەقامگیريی سياسى و زەمینەیەکی باشى وەبەرهێنان دروست بكات. دەستخۆشی لە هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌كه‌ين کە دڵسۆزانە بۆ بەرژەوەنديی هاووڵاتیيان و یەکسانيی خەڵکی عێراق کاریان کرد.
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، جێگەی داخه لە گفتوگۆکانی په‌رله‌ماندا، هەندێ له پەرلەمانتاران بە شێوەیەکی نادروست هەڵسوکەوتیان بەرامبەر مافەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کرد.
بە بڕوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئه‌وه‌ى لە پەرلەمانی عێراق روويدا له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانى رێككه‌وتنى سياسيى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدا نايه‌ته‌وه و ئه‌و ئاراسته و شێوه‌يه له كاركردن، خزمه‌ت به پرۆسه‌ى سياسى و دۆخ و داهاتووى عێراق ناكات.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی لە کاتی گفتوگۆى بودجەدا بینیویانە، مايه‌ى نيگه‌رانييه‌كى قووڵه و جارێکی دیکە ئەو راستییه‌ى سه‌لماند كه دابه‌شبوونى لايه‌نه كوردستانييه‌كان زيان به هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌يه‌نێت. گوتیشی: وێڕاى ئه‌مه‌ش بە ویستى سیاسيی هاوبەش و به ڕەچاوکردنی بەرژەوەنديی گشتی، دەتوانین ئه‌مه بکەینە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی متمانەى نێوانمان، ڕێکخستنەوەی باشترى ناوماڵی خۆمان، خاوکردنەوەی گرژیيەکان و چارەسەری کێشەکان بۆ بەهێزکردنی زیاتری عێراق و هەرێمی کوردستان.