ئەمڕۆ جارێكی تر پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسێیەم دانیشتنیدا دەنگی لەسەر 18 ماددەی نوێی لە بودجە دا، هاوکات دانیشتنەکەی بۆ کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە دواخست.
بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەنجوومەنی نوێنەران لەسێیەم دانیشتنی خۆیدا دەنگی لەسەر ماددەکانی 14، 25، 26، 27، 28، 29، 30، 31، 32 ، 33، 34، 35، 36، 37، 38، 39، 40 و 41ی ڕەشنووسی یاسای بودجە دا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنەکەی بۆ کاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ یەکشەممە دواخست.
ئێوارەی دوێنێ، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی ، محەمەد حەلبووسی بۆ تەواوکردنی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025، دەستی پێکردو لە کۆی 329 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، 241یان ئامادەی دانیشتنەکە بوون.
لە میانی دانیشتنەکەدا بە زۆرینەی دەنگ، ماددەی 14ی نێو پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی کە تایبەتە بە پشکی ھەرێمی کوردستان پەسەند کرا. بەو شێوەیەش هەر سێ ماددەی 12، 13 و 14 کە پەیوەستن بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق پەسەندکراون.