شارەوانی سلێمانی بۆ هاووڵاتیان: لە مانگێکدا مامەڵەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان تەواوبکەن
شارەوانی سلێمانی داوا لەو هاووڵاتیانە دەکات، کە خانووی زێدەڕۆیان هەیە و دەکەونە سنووری ماستەرپلانی شارەوانییەکانەوە، لەماوەی مانگێکدا مامەڵەی تاپۆکردنی خانووەکانیان تەواوبکەن، ئەگینا خۆیان بەرپرسیار دەبن بەرانبەر بە یاسا.
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە (9ی ئابی 2022) لە ئاگادارییەکدا داوا لە سەرجەم خاوەن خانووە زیادەڕۆیی و بێ تاپۆكان دەکات، کە فۆڕمیان هەبێت یان نا و کەوتبێتنە نێو سنووری ماستەر پلانی شارەوانییەکانی (رۆژئاوا، رۆژهەڵات، تاسلوجە، راپەرین، بەكرەجۆ)، بە زووترین كات، داواكاریی پێشكەش بكەن بۆ تاپۆکردنی خانووەکانیان.
ئاماژە بەوەشدراوە، کە پێویستە داواکاری تۆمارکردنی خانووەکانیان، لەماوەی مانگێکدا و تا 9ی ئەیلولی 2022، لە بەشی یاسایی، لە پارێزگای سلێمانی مامەڵەی یاسایی بۆکرابێت، بەگوێرەی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2019ی هەمواركراو.
شارەوانی هۆشداری دەداتە خاوەنی خانووە بێ تاپۆکان، کە لە ئەگەری بەدەنگەوە نەهاتنی ئەم ئاگادارییەدا خاوەن موڵك خۆی بەرانبەر یاسا بەرپرسیار دەبێت.
یاسای ژمارە سێی ساڵی 2019 پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە، بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی نەبوونی تاپۆی زیاتر لە 250 هەزار خانووی زێدەڕوو، لە یاساکەدا نرخی تاپۆکردنی هەر مەترێک زەوی لە ناوەندی شارەکان بە 15 بۆ 30 هەزار دینار و بۆ ناوەندی قەزاکان 10 بۆ 15 هەزار دینار و بۆ ناوەندی ناحیەکانیشان 5 بۆ 8 هەزار دینار دیاریکراوە.