کوردستان ھەزار و ٢٠٠ کارمەندی کۆمسیۆن دادەمەزرێنێت

لەھەرێمی کوردستان ھەزار و ٢٠٠ کارمەندی کۆمسیۆن بە گرێبەستی ھەمیشەیی دادەمەزرێن، بەرپرسێکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێ: ھەر گرێبەستێک دوای دوو ساڵ دەبێتە ھەمیشەیی.

خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئوفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، راگەیاند: دوای دەرچوونی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دامەزراندنی کارمەندانی گرێبەستی کۆمسیۆن ئێستا دەست بە بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستی کارمەندانی کۆمسیۆن کراوە و بڕیارەکە خراوەتە بواری جێبەجێکردن، بۆ ئەوەی گرێبەستی کاتی ئەو کارمەندانە بگۆڕین بۆ گرێبەستی ھەمیشەیی ئەویش بەپێی خزمەتی کارمەندەکان لە کۆمسیۆن.

بەرپرسەکەی کۆمسیۆن گوتیشی: لە سنوری پارێزگای دھۆک ٢٧٣ کارمەندی کۆمسیۆن گرێبەستی کاتیینە و  لەھەرێمی کوردستانیش ھەزار و ٢٠٠ کارمەندی گرێبەستی کاتی ھەنە، ئەوانە ھەموویان بەپێی بڕیارەکە دەبنە گرێبەستی ھەمیشەیی.

خالید عەباس ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: بەپێی بڕیاری حکوومەتی عێراق ھەر گرێبەستێک خزمەتەکەی بگاتە دوو ساڵ لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێتە ھەمیشەیی، ئەوەیش سوودی زۆری ھەیە بۆ ئەو کارمەندانەی گرێبەستن و لێیەوە سوودمەند دەبن.

دڵخوازەكانتان