فوئاد حوسێن: رێککەوتن لەسەر بڕگەی حەوتەمی مادەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجە کراوە

فوئاد حوسێن، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراقەوە راگەیاند “رێککەوتن لەسەر بڕگەی حەوتەمی مادەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجە کراوە”.

ئەو بڕگەیەی د. فوئاد حوسێن باسی کرد و گوتی رێککەوتنی لەبارەیەوە کراوە، بڕگەی 7ـی مادەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقە، کە دەڵێ “ئەگەر کێشە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دروستبوو و لەماوەی 30 رۆژدا چارەسەر نەکرا، لیژنەیەک پێکدەهێندرێت و لیژنەکە راپۆرت دەداتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەو بڕیاری لێدەدات”.

بڕیاربوو سێیەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بکرێت، هەرچەندە زەنگی چوونەژوورەوەی پەرلەمانتارانیش لێدرا، بەڵام هەتاوەکو ئێستا کۆبوونەوە دەستی پێنەکردووە و دواخراوە تاوەکو ژمارەی یاسایی ئامادەبووان تەواو دەبێت.

دڵخوازەكانتان