دڵشاد شەهاب: لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق لە گفتوگۆداین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی هەڵبژاردن سەردانی بەغدای کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، کۆمیسیۆن ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەموو هاوکارییەک.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08-06-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سەردانەکەیان بۆ بەغدا زیاتر قسەی کرد و باسی لەوەش کرد، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سوور دەبێت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و لە گفتوگۆ بەردەوام دەبێت لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەوەی رۆژێک بۆ دەستنیشانکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکەن.
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 18-12-2023، بکرێت. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ ئەوە دەرنەچووە و کۆمیسۆنی عێراق لەگەڵ حکومەت لە گفتوگۆدایە، ئەگەر ئەو وادەیە جێگیر نەکرێت، بێگۆمان کۆمیسیۆنی عێراق لەپێشینەی کارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت.
شاندەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی دیوان، لە بەغدا گفتوگۆیان لەبارەی هەنگاو و ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، دڵشاد شەهاب باس لەوە دەکات، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی تەواوی خۆیان نیشاندا کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەست بکەن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
رۆژی سێشەممە، 30-05-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد کە یەکێک لەوان درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بوو. دادگەکە بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
دڵشاد شەهاب لەبارەی بڕیارەکەی داگەوە باسی لەوە کرد، “کاری لەپێشینەی ئێمە ئەوەیە کە هەڵبژاردن بکرێت و هەرێمی کورستان لەو بۆشاییە دەستوورییە رزگاری بێت، بۆ ئەوەش هەموو کارێکی پێویست دەکەین.”
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە “لێکتێگەیشتنی زۆر باشمان هەبوو” لەگەڵ کۆمیسیۆن و بڕیار وایە لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی دروست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. دەشڵێت، داوایان لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە کە ئەوەی پێویست بێت بۆ کۆمیسیۆن هاوکار بن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە رێکوپێکی بکرێت.
شاندەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیاندا لەگەڵ نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەتەوە، دڵشاد شەهاب لەوبارەوە گوتی، ئەوانیش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە کە پشتیوان و هاوکار بن.