سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ژمارەیەك لە هونەرمەندانی كوردستان دەكات

سه‌رۆك بارزانی له‌ دیداری له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندانی كوردستان پێزانینی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ رۆڵی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان له‌ مێژوو، گه‌شه‌ی كولتووری و هۆشیاری گه‌لی كوردستان دووپات كرده‌وه‌، هاوكات پشتوانی خۆی بۆ داواكارییه‌كانیان ده‌ربڕی و به‌ پێویستیشی زانی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان هونه‌ره‌كه‌یان بخه‌نه‌ خزمه‌تی دۆزی ره‌وای كوردستان و هۆكارێك بێت بۆ قووڵبوونەوەی خۆشەویستیی نیشتیمان و پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی باره‌گای بارزانی، ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 8ـی حوزه‌یرانی 2023) سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ سه‌ڵاحه‌ددین پێشوازی لە ژمارەیەك لە هونەرمەندانی كوردستان كرد و له‌ دیداری نێوانیاندا، رۆڵی هونه‌رمه‌ندانی كوردستانی لە مێژوو، گەشەی كولتوور و هۆشیاریی گەلی كوردستان به‌رز نرخاند، به‌تایبه‌تی له‌ ناساندنی دۆزی گه‌لی كوردستان.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی له‌و دیداره‌دا، وێڕای به‌رزنرخاندنی هونه‌ر و ڕۆڵی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان له‌ به‌ره‌وپێشبردن و ناساندنی دۆزی كورد، هاوكات لەبارەی بارودۆخی سیاسی بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبووان خسته‌‌ڕوو.

سه‌رۆك بارزانی له‌و دیداره‌دا جه‌ختیكرده‌وه‌، ئەو ڕۆڵەی هونەرمەندێك بۆ ناساندنی گەلەكەی دەیگێڕێت دەكرێ زۆر لە ڕۆڵ و كاریگەریی سیاسییەكان لە ناساندنی دۆزی گەلی كوردستان زیاتر بێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ پێویستی زانی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان هونه‌ره‌كه‌یان له‌ خزمه‌تی دۆز و مافی ره‌وای گه‌لی كوردستان و قووڵبوونەوەی خۆشەویستیی نیشتیمان و پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی، ره‌نگ بداته‌وه‌.

سه‌رۆك بارزانی وێڕای ده‌ربڕین و نیشاندانی هاوسۆزی خۆی بۆ كێشە و داواكاریی هونەرمەندانی كوردستان، هاوكات پشتوانی ته‌واوه‌تی بۆ داواكاری هونه‌رمه‌ندان ده‌ربڕی و هیوای خواست هونەرمەندان بتوانن بە ئاسوودەیی و بێ گرفت خزمەتی پێشخستنی فەرهەنگ و هونەری كوردستان بكەن.

هونه‌رمه‌ندان له‌لای خۆیانه‌وه‌ را و بۆچوون و پێشنیاری خۆیان لەبارەی كێشە و گیروگرفتەكانی هونەرمەندان و داواكارییەكانیان بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد

دڵخوازەكانتان