ڕۆژانە 100 بارهەڵگر بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەنێرن
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاشكرای كرد، ڕۆژانە پشتگیری دەدەنە جووتیاران بۆ ناردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، دەشڵێت: “ڕۆژانە 100 بارهەڵگر كە هەریەكەیان زیاتر لە 20 تۆن بەرهەمی كشتوكاڵییان تێدایە لە هەولێرەوە دەنێردرێن.”
هێمن سەید موراد، بەڕیوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دوای ڕێككەوتنی نێوان هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان و عێراق، ئێستا بەرهەمی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان ڕەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكرێت.”
ئاشكرایشی كرد: “تاوەكوو ئێستا زیاتر لە هەزار و 250 نووسراوی پشتگیریمان بۆ جووتیاران كردووە، ئەو پشتگیریانەش بۆ ئەوەیە كە ئەو بەرهەمانە بەرهەمی ناوخۆی كوردستانن و هی دەرەوە نین، ئەو بەرهەمانەش سەوزە و میوە و بەرهەمی پەلەوەریین، بەتایبەت ئەوانەی لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترن.”
زیاتر گوتیشی: “ڕۆژانە 100 بارهەڵگر كە هەریەكەیان زیاتر لە 20 تۆن بەرهەمی كشتوكاڵییان تێدایە لە عەلوەی هەولێرەوە دەنێردرێن بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق.”
هێمن سەید موراد ڕوونیشی كردەوە: پێش ڕێكکەوتنەكە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بیانووی جۆراوجۆر بۆ بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان دروست دەكرا.
گوتیشی: “ئێستا ئەو ئاستەنگ و ڕێگرییانە هەڵگیران و هیواخوازین دووبارە نەبێتەوە، چونكە ئەوە كارێكی نادەستوورییە و دژی بەرهەمی خۆماڵییە.
باسی لەوەش كرد كە بە نووسراوی فەرمی بازگەکان ئاگادار کراونەتەوە لەوەی كە نابێت ڕێگری لە بەرهەمی هەرێمی كوردستان بکرێت، چونكە وەزیری کشتوکاڵی عێراق واژووی لەسەر نووسراوی ڕێگاپێدان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان داوە کە ڕەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بکرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کردووە، بڕیاریان داوە ڕێگە بە گواستنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستانەوە بدرێت وەک بەرهەمێکی ناوخۆیی.
بەرپرسەكەی كشتوكاڵی هەولێر دەشڵێت: “بەرهەمی جووتیارانی هەولێر پێداویستی بازاڕی ناوخۆی پڕ كردووەتەوە و ئێستا بۆ بازاڕەكانی عێراقیش توانیویەتی ئەو كارە بكات.”