جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: یەكڕیزی كارتێكی بەهێزە دژی عێراق

بەشیر حەداد رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بە چەند فلتەرێکدا تێدەپەڕێت، ئێستا لە فلتەری پەرلەماندا گیری خواردووە، ئێمەش دەبێت کارتی بەهێز بەکار بهێنین ئەویش یەکریزی لایەنەکانە بەتایبەت پارتی و یەکێتی.

بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: “دیارە ئەمساڵیش وەکو ساڵانی رابردوو پڕۆژەیاسای بودجە کێشەی تێکەوت لەپەرلەماندا، چونکە پڕۆژەیاسای گشتی بودجەی عێراق دوو سێ فلتەری هەیە دەبێت پێیدا تێپەڕێت، فلتەرێکی لایەنە سیاسیەکانە، فلتەرێکی دیکە هی حکومەتە و ئەوی دیکەشیان پەرلەمانە، جا ئەوانەی تێپەڕاندووە ئێستا لە فلتەری پەرلەمان گیری خواردووە”.

گوتیشی: “ئەوکێشەی ئێستا تێیکەوتووە زیاتر ماددەی 13 و 14یە کە تایبەتە بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە بودجەی ساڵانی 2019 و 2021دا، کە بودجە هەبوو، لەوێش هەردوو ماددەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەمایەوە و کێشەی تێدەکەوت، بۆ نموونە لەساڵی 2021دا هەردوو ماددەی 10 و11 کە تایبەت بوو بە پشکی هەرێمی کوردستان کێشەی تێکەوت تا لەکۆتایی دا رێککەوتنی لەسەر کرا”.

بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەشکرد، بودجە لەوادەی خۆی زۆر دواکەوتووە، هەروەها حکومەتی سوودانی بەڵێنی دابوو، کە کاتی کابینەکەی راگەیاند، یەکەم کاریان ئەوە دەبێت بودجە بنێرنە پەرلەمان و پەسەند بکرێت، دەشڵێت: “ئێستا بودجە دواکەوتووە ئەگەر پەسەندیش بکرێت مانگێکی دەوێت، تاوەکو دەچێتە لای سەرۆککۆمار و واژۆی لەسەر دەکرێت و لە رۆژنامەی وەقایع بڵاودەکرێتەوە”.

دڵخوازەكانتان