ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌ جێبه‌جێكردنی رێککەوتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا لەسه‌ر بودجە دەکاته‌وه‌

ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بودجە دەکاته‌وه‌ و داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات، بەرگری لە مافە دەستوریی و شایستە داراییەکانی هەرێم لە ناو پرۆژە یاسای بودجەدا بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6/7، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران تیشکی خستەسەر دوا پێشهاتەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ( 2023 – 2025 ) و بابەتی هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ واژۆ کراوە.

ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بودجە دووپاتکردەوە، کە دەرەنجامی گفتوگۆیەکی چڕ و لە سەر بنەمایەکی یاسایی و زانستیانە و دادپەروەرانە بووە، بۆیە داکۆکی لە دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوا لە گشت  فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، کە بە هەماهەنگی و لە پێناوی یەکڕیزی، بەرگری لە مافە دەستوریی و شایستە داراییەکانی  هەرێم لە ناو پرۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بکەن.

لە بڕگەی دووەمدا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار، راپۆرتێکی پڕ لە زانیاری لە بارەی داڕشتنی کۆدی بیناسازی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و رێنمایی نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزار بۆ پلانسازی و تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

لە راپۆرتەکەدا، وەزیری شارەوانی ئاماژەی دا بە رێکخستنەوەی رەوشی بیناسازیی لە هەرێم لە رێگای داڕشتنەوەی کۆدی بیناسازیی و نوێکردنەوەی پرۆسەی رێپێدانی بیناكردن بە ئاراستەی کۆنتڕۆڵکردنی شێواوی لە ژینگەی بیناسازی و رێگرتن لە سەرپێچی و زامنکردنی سەلامەتی لە ئاگرکەوتنەوە و سەلامەتی دامەزراوەی کارەبایی ومیکانیکیی ناو بینا و باڵەخانەکان و سەلامەتی پێکهاتە و کارامەیی لە وزە و هەنگاونان بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسە و رێكکاری رێپێدانیی بینا.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لەو هەنگاوانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، گشت وەزارەتەکانیشی راسپارد کە هاوکار و هەماهەنگی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بن، بۆ جێبەجێکردنی کۆدی بینا و رێنمایی نوێی پلانسازیی و بە جدیی کاربکەن بۆ رێکخستنەوە و بەدوادچوونی موڵکەکانی دەوڵەت لە سەرجەم وەزارەتەکان لەبەر رۆشنایی یاسا بەرکارەکان کە سەرچاوەیەکی فراوانی داهاتی گشتین،  ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆکایەتی دیوان و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری راسپارد بۆ هەماهەنگی و پشتیوانی وەزارەتەکان بە ئاراستەی پیادەکردنی سیستمێکی ئەلکترۆنیی  بۆ تۆمارکردنی ووردەکاریی و زانیاریی موڵکی گشت دامەزراوە حکومیەکان لە داتا سەنتەری ناوەندیی حکومەت و داڕشتنی پرۆسە و میکانیزمی گونجاو و پێویست بۆ وەبەرهێنان لە موڵک و ماڵی دەوڵەت بە ئاراستەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان وبەکارهێنانەوەی داهاتی وەبەرهێنان لە موڵک و ماڵی دەوڵەت بۆ خەرجیە گشتیەکان وپڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.

پاشان  لە بڕگەی سێیەمدا، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، کورتەیەکی دەربارەی  جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە دیاردەکانی سیم کارتی بێ خاوەن، ئۆتۆمبێلی بێبەرایی و تۆمارنەکراو و چەکی بێ مۆڵەت و هەنگاوەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە خستەڕوو، ئاماژەی بە بەرەوپێشچوون وگرفت و بەربەستەکان دا، هەروەها باسی لە هەماهەنگی هاووڵاتیان لەمبارەیەوە کرد و ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموز، وادەی دیاریکراو بۆ تۆمارکردنی چەکی تۆمارنەکراو کۆتایی دێت و لەو کاتە بەدواوە، بە گوێرەی یاسای نوێی چەک لە هەرێمی کوردستان، رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی ناوخۆی راسپارد کە بەردەوام بن لە رێكکارەکانیان بۆ بەرگرتن لەو دیاردانە و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی تاوان و توندوتیژیی و پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیان.

لە بڕگەی کۆتاییدا، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزیری ناوخۆ، باسیان لە بابەتی دەستنیشانکردنی  قەدەخەکراویی رێگە گشتییەکان لە دەرەوەی شارەکان و بەرگرتن و لابردنی زێدەڕۆییەکان لە بەر ڕۆشنایی یاسای ڕێگە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری راسپاردنی هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ناوخۆی دا،  کە بەردەوام بن لە رێکكارە هاوبەشەکانیان و پێویستە سەرۆکی یەکە کارگێڕیەکانیش لە سنووری پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ و قەزا و ناحییەکانیان، چالاکانەتر کاربکەن بۆ لابردنی هەر زیادەڕۆییەک لەسەر رێگاوبانە گشتیەکان و بەرگرتن لە هەر هەوڵێکی زیادەڕۆیی و رووبەڕوکردنەوەی سەرپێچیکاران لە بەرامبەر یاسا و وەرگرتنی رێکاریی قەزايی بەرامبەریان.

بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆککۆماری تورکیا و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی ئەو وڵاتە، ئەنجوومەنی وەزیران، پیرۆزبایی لە سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەندامانی کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا دەکات و بە هیوای بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیایە لە سەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندی هاوبەش.

دڵخوازەكانتان