ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق: رێکارەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل گۆڕانكاری تێدا دەكرێت

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا هەولێر و بەغدا لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن لەبارەی رێکارەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل؛ بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، “هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ بڕیارەکە نییە و هاوئاهەنگ دەبین.”

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، “بە ئامانجی جێبەجێکردنی بڕیاری 215ی ساڵی 2009 کە پەیوەستە بە رێکاری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنێت لە فەرمانگەکانی هاتووچۆی گشتی و گومرگ و هاوتاکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق.”

لەبارەی ئامانجی لیژنە هاوبەشەکە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی “لیژنەکە پڕۆژەبڕیارێک ئامادەدەکات لەبارەی رێکار و رێنوێنییەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کە ناوەند و هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەسەر بکەن بۆ گەرەنتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە.” 

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت :” تائێستا ئەو بڕیارەمان بەدەست نەگەیشتووە، ئەگەر بڕیارێکی لەم شێوەیە هەبێت، ئێمە هاوئاهەنگ دەبین.” 

لە کۆتایی ساڵی 2022دا حەوت ملیۆن و 460 هەزار ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەکاتێکدا ژمارەی ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2021دا حەوت ملیۆن و 27 هەزار ئۆتۆمبێل بووە، واتە بەڕێژەی 6٪ زیادیکردووە.

بەپێی وەزارەتەکە، بۆ هەر هەزار کەس، 128 ئۆتۆمبێل هەیە و هەر کیلۆمەترێک رێگەی قیرکراویش 127 ئۆتۆمبێلی بەردەکەوێت. هاوکات 345 هەزار ئۆتۆمبێلیش ژمارە کاتین کە رێژەی 5٪ـی کۆی ژمارەی ئۆتۆمبێل دەکات. ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی هەمیشەییان هەیە رێژەی 56٪ـی کۆی ئۆتۆمبێلەکان دەبێت، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەشی تابلۆی نوێیان هەیە رێژەی 39٪ـی ئۆتۆمبیل پێکدەهێنن، ئەمە جگە لەو تابلۆیەی کە لە ساڵی 2022ـەوە دەدرێت.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022دا دوو ملیۆن و 71 هەزار و 626 ئۆتۆمبیل هەبوون کە بەمشێوەیە دابەش دەبن:

– تایبەت: یەک ملیۆن و 251 هەزار و 484 

– کرێ: 97 هەزار و 461

– بارهەڵگر: 448 هەزار و 504 

– ئامێری کشتوکاڵی: 41 هەزار و 66

– ئامێری بیناسازی: 30 هەزار و 520 

– فەحس و کارتی زانیاری: 152 هەزار 164 

– ئۆتۆمبێلی میری: 30 هەزار و 676

– ماتۆرسکیل: 19 هەزار و 751 

دڵخوازەكانتان