مەسرور بارزانی و باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن بارودۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
ئەمڕۆ سێشەممە 6/6/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئیمیلیا جۆرجیۆڤا باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن کرد.
بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا، دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا.
خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی لەگەڵ سویسرا و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی ئەو وڵاتە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن، وێڕای ئاماژەدان بە پرۆسەی ئاوەدانیی و بیناسازی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بوارەکانی پیشەسازی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەربڕی.
ئاماژە بەوەشکراوە، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و گرنگیی دابینکردن و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ، بارودۆخی کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و زەوینەسازکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ شوێنەکانیان ، هەروەها ڕووبەرووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەش و هەوا و گرنگیی پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.