پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە کۆدەبێتەوە
رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ 6/6/ 2023، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی داهاتووی پەرلەمانی بڵاوکردەوە. بە گوێرەی کارنامەکە؛ دانیشتنەکەی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـی عێراق و کاتژمێر 13:00 بەڕێوەدەچێت.
لەوبارەوە خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە هەیە و پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ رێککەوتنی کۆتایی بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر ئەمڕۆ رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان لایەنەکان کرا، چەند گۆڕانکارییەک لە هەردوو ماددەی 13 و 14 کە تایبەتن بە شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و داهاتی نەوتی هەرێم، دەکرێن و دواتر لە پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت.
لای خۆیەوە ئامانجی هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق وتی، سبەی چوارشەممە کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆک فراکسیۆنەکان و لیژنەی دارایی پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجە بکەن و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان بکەن بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.