د. ڤیان سەبری: سازش لە مووچە و شایستەكانی خەڵكی كوردستان ناكەین
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، داواکاری و واژۆ بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەوە بووە كە پێش پشووی یاسادانان، كۆبوونەوەكە بكرێت، بۆیە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەی دیاری كردووە.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند؛ 100 واژۆ بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران كۆكراوەتەوە، بۆیە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەو وادەیەی بۆ کۆبوونەوەکە داناوە، لە لایەکی دیکەش داواکاریی بۆ ئەم بابەتە هەیە، چونکە پشووی یاسادانان لە ڕۆژی هەینی 9ی مانگ دەست پێ دەكات.
لەبارەی ڕێككەوتنی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت تایبەت بە ماددەكانی پەیوەندیدار بە هەرێمی كوردستان، ڤیان سەبری بۆ گوتی: ”ئێمە بەردەوام لە گفتوگۆداین، تا بگەینە دەرئەنجامێك كە لای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش قەبووڵكراو بێت.“
هاوکات گوتیشی؛ ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ چەسپاندنی هەموو مافەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامین، سازش لە مووچە و شایستەكانی خەڵکی کوردستان ناکەین، هەوڵدەدەین بە تێڕوانینێكی پەسەندكراو و سازان، شایستە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان وەدەست بهێنین.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە پاڵپشتیی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەندێك هەمواری لە ماددەكانی پەیوەست بە ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق كردووە كە تەواو دژی خەڵكی كوردستانە.
لەمبارەیەوە پێشتر سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری رای گەیاندبوو، بە تێپەڕاندنی ئەو هەموارەی لێژنەی دارایی، نەك ناتواندرێت پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بدرێتەوە وەك بانگەشەی بۆ دەكرێت، بەڵكوو تەواوی بودجەی هەرێمی كوردستانیش دەبڕدرێت، بەهۆی بوونی ئەو بۆمبانەی لەنێو بڕگەكانی هەموارەكەدا جێگیر كراون.