مەسرور بارزانی: بەڵێنەکانمان بۆ داهاتوویەکی دیجیتاڵی و کوردستانێکی بەهێزتر دەبەینە سەر
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سیستەمی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان لە تویتێکدا رایگەیاند، “بەڵێنەکانمان بۆ داهاتوویەکی دیجیتاڵی دەبەینە سەر”، گوتیشی: ئێستا دەتوانیت بازرگانییەکەت بە ئۆنڵاین تۆمار بکەیت لهڕێگهی (business.digital.gov.krd).
بەمەبەستی ئاسانکاری و کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی و خێرایی لە راییکردنی کار و مامەڵەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆسەی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بە دیجیتاڵی دەکات و لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەى ئەو پۆرتاڵە ئۆنلاینەی کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتەکەیدا ئاماژەی پێداوە، داواکاری پێشکەش بکەن.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە رێگەی ئەم سیستەمە نوێیەوە، لە هەر کات و شوێنێک بێت، دەتوانن بە ئاسانی و خێرایی و پارێزراوی، داواکاراییەكانی تایبەت بە تۆمارە بازرگانییەکانیان پێشکەش بکەن. بەمەش “ژمارەى یەکەی بێهاوتا” دەدرێتە هەر کۆمپانیایەکى تۆمارکراو تا بە ئاسانى سوود لە خزمەتگوزارییەکانی دیکەى حکومەت ببینن، هاوکات سیستەمەکە بە چەندین تایبەتمەندییەوە شوێنی پڕۆسەی کارکردنی پێشوو دەگرێتەوە.