ئەندامێکی لیژنەی دارایی وادەی دەنگدان بە بودجە ئاشکرا دەکات

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بەر لە نۆی ئەم مانگە دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە بدات.

سەعد مانع، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان لە ماوەکانی رابردووشدا داوای کردوو پڕۆژە یاسای بودجە بخرێتە دەنگدانی گشتییەوە.

گوتیشی: لیژنەکەیان تەنیا پێویستی بە چەند کاتژمێرێکە تاوەکو تاوتوێی گواستنەوەکان و بڕگە زیادکراوەکان لە پڕۆژەیاساکەدا بکات ئەویش بە شێوەیەکی نیمچەیی تەواوکراوە چاوەڕێن بخرێتە دەنگدانەوە.

روونیشی کردەوە، ئەو درەنگ کەوتنە بۆ بڕگەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە لە لیژنەی داراییدا دەنگی لەسەردراوە، بەڵام ئەگەری هەیە هەماهەنگی سیاسی لەسەر بکرێت و لەسەر ئەو بنەمایە دەنگ لەسەر بدرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا، دەکرێت گۆڕانکاری لەو بڕگانەدا بکرێ، چونکە دەنگدانەکە لەنێو لیژنەی داراییدا بووە و کۆی پڕۆژەیاساکە هەمووی دەنگی لەسەر نەدراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە نۆی ئەم مانگە پەرلەمان دەچێتە خوولی پشووی یاسادانانەوە، بۆیە پێش ئەم بەروارە، پڕۆژە یاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانی گشتییەوە.

دڵخوازەكانتان