پەرلەمانتارێکی پارتی: ڕێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی دەکرێت بۆ پەسەندکردنی بودجە

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، نزیکین لە ڕێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی، بۆ ئەوەی حەفتەی داھاتوو لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەنگ بدرێت و دەشڵێت، ڕژدین لەسەر ھەڵوێستی خۆمان و نەهێشتنی گۆڕانکاری لە ماددەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان.

شیروان جەمال، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، ڕاگەیاند: ”لێکنزیکبوونەوە ھەیە بۆ ئەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی بکرێت تاکوو حەفتەی داھاتوو پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بخرێتە دەنگدانەوە، ڕێککەوتنەکەش لەسەر ھەردوو ماددەی 13 و 14ی ناو پڕۆژەکەیە و دەمانەوێت گۆڕانکاریی تێدا بکرێت، چونکە بابەتەکە پەیوەستە بە کیانی ھەرێمی کوردستان و باس لە پشکی ھەرێمی کوردستان ناکات.”

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: ”ئێمە وەک پارتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قبووڵ ناکەین ڕاستەوخۆ پارێزگاکانی مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن و لە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان کەم بکرێتەوە، ئەوەی کراوە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە، چونکە بەپێی ھەردوو بڕیاری ژمارە 17 و 35 ئەو گۆڕانکارییەی لە دەقێکی نێو پرۆژەیاسای بودجە دەکرێت، پێویستە لە ڕێگەی حکوومەتەوە بێت، واتە نابێت بەپێچەوانەی حکوومەت ھیچ ماددەیەکی پڕۆژەیاساکە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.”

شیروان جەمال ڕوونی کردەوە: ”پارتی پێداگرە لەسەر بەدەستھێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان و ھەندێک لایەن بە دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان دەیانەوێت پارتی بشکێنن، بەڵام ئێمە لەسەر ھەڵوێستی خۆمان بەردەوامین و دژی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستانین، پارتی بە ئاشکرا دەڵێت: ”ئێمە قبووڵ ناکەین دوای ئەوەندە ساڵە خەبات و قوربانیدانی میللەتەکەمان بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکرێت، ئێمە لە چوارچێوەی دەستووردا کار دەکەین لە عێراق و ھەر شتێک بەپێچەوانەی دەستوور و یاسا بێت، ڕێگری لێ دەکەین.”

دڵخوازەكانتان