وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق: داهاتى نه‌وت له‌ مانگی ئایاردا زیاتر له‌ 7 ملیار دۆلار بووه‌

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق فرۆشتنی نه‌وت بۆ مانگی ئایار بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، تێكڕای رۆژانه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ مانگی ئایاردا له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق 3 ملیۆن و 305 هه‌زار به‌رمیل بووه‌.

ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، به‌گوێره‌ی دوایین ئاماره‌كانی كۆمپانیای به‌بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق “سۆمۆ”، له‌ مانگی ئایاردا كۆی فرۆشی نه‌وتی عێراق 102 ملیۆن و 463 هه‌زار و 387 به‌رمیل بووه‌ و داهاته‌كه‌ی گه‌یشتووه‌ته‌ 7 ملیار 306 ملیۆن دۆلار.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، تێكڕای رۆژانه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ ماوه‌ی مانگی ئایاردا له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق 3 ملیۆن و 305 هه‌زار به‌رمیل بووه‌ و تێكڕای نرخی هه‌ر به‌رمیلێك 71 دۆلار و 30 سه‌نت بووه‌.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، تا ئێستا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركووك له‌ رێگه‌ی به‌رنده‌ری جه‌یهانی توركییه‌وه‌ ده‌ستیپێنه‌كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ رێژه‌ی 16%ی كۆی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی عێراق پێكده‌هێنێت.

دڵخوازەكانتان