سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: گفتوگۆكانی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە بەرەو پێش چوون

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، گفتوگۆكانی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لەنێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەرەوپێشچوونیان بە خۆیانەوە بینیوە.

د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند، گفتوگۆ لە نێوان هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەردەوامە، بەرەوپێشچوون لە دانوستانەکان هەیە.

ڕوونیشی كردەوە، تاوەكوو رێککەوتن لەبارەی پشکی کورد لە پرۆژەیاسای بودجە نەکرێت، پەرلەمانی عێراق کۆ نابێتەوە، لەبەرئەوەی بودجە یەکێکە لەو یاسایانەی کە نابێ بە زۆرینە و کەمینە تێپەرێندرێت، ”ئەمە پەیوەندیی بە هەموو هاووڵاتیانەوە هەیە، جگە لەوەش رێککەوتن هەیە کە ژمارەیەک پرۆژەیاسا هەن دەبێ بە رێککەوتنی ئەو لایەنانە تێپەڕن کە حکوومەتیان پێکهێناوە.“

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: ”ئێمە جەخت لە پەیامەکەی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە کە پابەندی هیچ بڕگە و ماددەیەک نابین كە پێچەوانەی دەستوور بێت، دەبێ پرۆژەیاساکە بەپێ رێککەوتنی هەردوو حکوومەت بێت.“

دڵخوازەكانتان