ئایدن مەعروف: پێکهاتەکان نیگەرانن لەو دۆخەی لە ئارادایە

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان راگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژەیاسای بودجە کراوە لە بەرژەوەندی پێکەوەژیان و خەڵکی هەرێمی کوردستان نییە و گوتیشی: ئێمە وەک پێکهاتەکان نیگەرانین لەو دۆخەی لە ئارادایە.

وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێکهاتەکان راشیگەیاند، نیەتی حکومەتی هەرێم رێککەوتنە، هەموو کاتێکیش گرنگی بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا داوە و لەگەڵ ئەوە بووە بابەتە کێشە لەسەرەکان بەشێوەی گفتوگۆ و رێککەوتن چارەسەر بکرێن، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی جارەکان رێککەوتنەکان جێبەجێ ناکرێن، بە نموونەش رێککەوتنی شنگال بوو کە ساڵی رابردوو کرا، هەروەها رێککەوتنی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانەی عێراق.

ئایدن مەعروف لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە گوتی: ئەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژەیاسای بودجە کراوە لە بەرژەوەندی پێکەوەژیان و خەڵکی هەرێمی کوردستان نییە.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باسی لەوەکرد، وەک پێکهاتەکان نیگەرانن لەو دۆخەی لە ئارادایە، چونکە دیارە دەستێوەردانی زیاتر هەیە و، دەیانەوێت فشاری سیاسی زیاتر لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکەن، گوتیشی: ، دادگای فیدراڵی رۆڵێکی باشی نەبووە لە بابەتەکاندا.

سەبارەت بەو پارتە سیاسییانەی لە هەرێمی کوردستانن و لە بەغدا دژی قەوارەی هەرێم دەجوڵێنەوە، گوتی: یەکریزی و یەکهەڵوێستی لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، چونکە دەبێتە پاڵپشتی بۆ داواکارییەکانی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان.

دڵخوازەكانتان