بێگەرد تاڵەبانی: کارگەی زۆم حەوتەمین کارگەی ستراتیژییە لەماوی کابینەی نۆیەمدا کراوەتەوە

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی رێورەسمی کردنەوەی کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان رایەگەیاند، ئەمە حەوتەمین کارگەی ستراتیژییە کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیکاتەوە لەپێناو پشتیوانیکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی و رەخساندنی دەرفەتی کار.

ئەمڕۆ سێشەممە (30ـ ئایاری 2023)، کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی گوتارێکدا جەختی لە گرنگی ئەم پرۆژەیە بۆ سێکتەری کشتوکاڵی و پشتگیریکردن لە ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران و خەڵکی ناوچەکە کردەوە.

بێگەر تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەجێندای خۆیدا بڕیاریدا گرنگی بدات بە سێکتەری کشتوکاڵ و لە کارنامەکەیدا ئەمەی جێگیرکرد.

بێگەرد تاڵەبانی سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد، کە لەماوەی ئەم کابینەیەدا تاوەکو ئێستا هەمیشە پاڵپشت بووە بۆ پرۆژەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و جووتیاران و گرنگیدان بە سێکتەری کشتوکاڵ و جووتیاران.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێکتەری کشتوکاڵ و رایگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیران سەرقاڵی ئامادەکردنی “پۆلەسی پەیپەر”ێکن کە لەگەڵ هۆڵەندییەکان کاری لەسەر کراوە.

هاوکات جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، کاریانکردووە بۆ دابینکردنی قەرزی کشتوکاڵی بۆ هێنانی ئامێری کشتوکاڵی بۆ جووتیاران بە قەرزی درێژخایەن کە ئەمەش هاوکاری جووتیاران دەکات لە بەرزکردنەوەی بەرهەمەکانیان.

هەروەها بێگەرد تاڵەبانی داوای ئاسانکاری کرد لە دابینکردنی زەوی پێویست بۆ ئەو وەبەرهێنانەی لە بواری کشتوکاڵی و هیواشی خواست دەستەی وەبەرهێنانیش لە دارشتنەوەی رێنماییەکاندا بەردەوام بێت لە گرنگیدان بە وەبەرهێنان لە سێکتەری کشتوکاڵ و لە پێشینەی کارەکان بێت.

وەزیری کشتوکاڵ داوای لە وەبەرهێنەران و بازرگانان کرد کە سەرمایەکانی خۆیان لە بواری کشتوکاڵی وەگەڕبخەن و کارگەی جۆراوجۆر دروستبکەن لەپێناو ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جووتیاران و بەردەوامیدان لە هەناردەکردنی بەرهەمی خۆماڵی کوردی بۆ بازاڕەکانی جیهان.

پڕۆژەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت کە بریتین کە کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان و هەروەها بنکەکانی کۆکردنەوەی بەروبوومی ئاژەڵداران و جووتیاران.

لە ئێستادا 12 بنکە تەواو کراون و بەرهەم وەردەگرن، هەشت بنکەی نوێش لە قۆناغی جێبەجێکردن دان، لە ئایندەش بنکەی تر بە گوێرەی پێویستی کارگە زیاد دەکرێن.

شوێنی کارگە دەکەوێتە گوندی ژاژوک لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 13 هەزار و 46 مەتر دووجا دروستکراوە.

هەروەها قەبارەی بەرهەمهێنان لە کارگەکە 20 تۆنە لە رۆژێکدا، توانای هەیە بگاتە 50 تۆن و هەموو ئامێرەکانی ناو کارگە لە باشترین جۆری (Stain less steel) دروستکراون.

هاوکات لەناو کارگەدا تاقیگەی تایبەت هەیە بۆ پشکنینی شیر و دڵنیابوون لە کوالێتی ئەو شیرەی کە دەگاتە کارگە و ئەو بەرهەمانەی لە کارگە بەرهەم دێت.

لە ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە تێکڕا رۆژانە 80 کەس بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک کاریان لەو پڕۆژەیەدا کردووە و دەبێتە هۆی رەخساندنی زیاتر لە 300 دەرفەتی کاری دیکەش، هەروەها زیاتر دوو هەزار و 700 خێزانی ناوچەکەش تێیدا سوودمەند دەبن.

بەرهەمەکانی کارگەی زۆم بریتین لە ماستی سروشتی و خۆماڵی زۆم، ماستی سروشتی و خۆماڵی کەم چەوری زۆم، ماستاوی سروشتی و خۆماڵی زۆم، پەنیری سپی سروشتی و خۆماڵی زۆم، پەنیری سپی سروشتی و خۆمالێ کەم چەوری زۆم و قەیماغی لوولپێچی سروشتی و خۆماڵی زۆم.

ئەم کارگەیە لە ساڵی 2020 لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە بەردی بناغەی بۆ دانراوە و ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی کرایەوە.

دڵخوازەكانتان