کابینەی نۆ, کابینەی خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی خەڵکە

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کابینەی خزمەتگوزاری و کابینەی خزمەتکردنی خەڵکە و بەبێ جیاوازی پڕۆژە بۆ هەموو پارێزگاکان ئەنجام دەدات و بۆ سلێمانییش بە هەمان شێوە کە ئەوەش وا دەکات سلێمانی گەشەسەندێکی باش بە خۆیەوە ببینێت، بۆیە ئومێدەوارین ئەو جۆرە کارانە بەردەوام بێت.

بارزان حامید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی،گوتی: لە بەرنامە و کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەو دروشمە بە زەقی بەدی دەکرێت کە کابینەی نۆ کابینەی خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی خەڵکە و لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و پارێزگای سلێمانییش وەکوو هەر پارێزگایەکی دیکە لە چوارچێوەی کارنامە و بەرنامەی خزمەتگوزاریی حکوومەت بێبەش نەبووە لە خزمەتگوزاری و دابینکردنی بودجە بۆ پڕۆژەکان و شاری سلێمانی گەشەسەندنێکی باش بەخۆیەوە دەبینێت و ئومێد دەکەین ئەو کارانە بەردەوام بێت و جێی پەنجەی کابینەی نۆ زیاتر ڕەنگ بداتەوە لە شاری سلێمانی .

بارزان حامید گوتیشی: ئێمە لە سنووری سلێمانی گرفتێکمان هەیە، کاتێک پارە بۆ سێلمانی تەرخان دەکرێت گرفتی نەبوونی پارە لە بانکەکان دروست دەبێت و بەشێک لە ڕاگرتنی پڕۆژەکان بۆ ئەو گرفتە دەگەڕێتەوە کە سیولە لە بانکەکان نییە، ئەمەش گرفتی بۆ کۆمپانیا و بەڵێندەرکان دروست کردووە کە پڕۆژەکان جێبەجێ دەکەن، چونکە پێویستیان بەوە هەیە پارەیان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی کارەکانیان بەڕێوە ببەن و تەمەننا دەکەین ئەو کارە لە سلێمانی کۆتایی پێ بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ وەکوو پارێزگاکانی دیکە پڕۆژەکان بچنە واری جێبەجێکردنەوە.

دوێنێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار ملیار دیناری بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شاری سلێمانی تەرخان کرد.

دڵخوازەكانتان