دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكێكی تازە دەكرێ و برنجی تایلەندی و ئەمریكیشی لەگەڵدا دەبێ

لەگەڵ بەشەخۆراکی ئەو مانگەی هاووڵاتییاندا، برنجی تایلەندی و ئەمریكی دابەش دەکرێت و بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت: “لە یەكشەممەوە دابەشكردن دەستی پێ كردووە.”

لەمیا مووسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی بەبازاڕكردن لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رایگەیاند: “دوو كەشتی بە بڕی 85 هەزار تەن لە برنجی تایلەندی و ئەمریكی تایبەت بە بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان گەیشتووە.”

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند: “لە رۆژی یەكشەممە 28ی 5ی 2023، دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی پێنج كراوە و برنجی جۆری تایلەندی و ئەمریكیش دابەش دەكرێت و بەردەوامیش ئەو جۆرە برنجە دێت.”

ئاماژەی بەوەش دا: “ئەو برنجەی هاتووە لە پشكنینەكان دەرچووە و جۆرێكی باشە و پێشووتریش دراوە.”

لە بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان، هەرکەسێک سێ کیلۆ برنجی پێ دەدرێت.

بەگشتی، سەبەتەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان پێک هاتووە له شەکر، زەیت، دۆشاوی ته‌ماتە، فاسۆلیا، لەتکەنۆک، برنج و ئارد.

نەوزاد شێخ کامیل، دەشڵێت: ”ئەو بەشەخۆراكانەی ئێستا دابەش دەکرێن، هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە و وەکوو مانگەکانی رابردووە.”

دڵخوازەكانتان