جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: وەزیری دارایی لە پشت بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینارە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، وەزیری دارایی وڵاتەکەی هۆکاری دابەزاندنی بەهای دینار و بەرزکردنەوەی بەهای دۆلارە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-2-2022، حاکم زاملی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نەجەف، رایگەیاند: زیاتر لە 100 پەرلەمانتار واژۆیان بۆ میوانداریکردنی عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی، کۆ کردووەتەوە.
حاکم زاملی هەروەها رایگەیاندووە: بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار و دابەزاندنی بەهای دینار هیچ سوودێکی بە دەوڵەتی عێراق نەگەیاند.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، عەلی عەللاوی لە پشت دابەزاندنی بەهای دینارە و بەرپرسیشە لە قەرزکردن لە بانکەکانی دەرەوە و زیادبوونی قەبارەی قەرزە ناوخۆییەکان.
رۆژی 19-12-2020، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بە بڕیاری مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، بەهای دیناری دابەزاند و گەیاندییە 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 147 هەزار دینار، لە کاتێکدا لە پێش دەرچوونی ئەو بڕیارە، بەهای 100 دۆلار 120 هەزار دینار بوو.