نێچیرڤان بارزانی: هەوڵدان بۆ پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان جێگەی قبووڵكردن نییە

ئەمشەوی یەكشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانی وتارێكدا رای گەیاند كە هەوڵدان بۆ پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، جێگەی قبووڵكردن نییە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانی وتارێكدا كە لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک پێشكەشی كرد، رای گەیاند كە دەبێ عێراق كۆكەرەوەی هەمووان بێت و خەڵك لە ناكۆكی و كێشە سیاسییەكان ماندوو بوون.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی كێشەكانی ئەم دواییەی لە پەرلەمانی عێراق بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراق دروست كرا، گوتی: “دەبێت ئەزموون لە كێشەكانی رابردوو وەربگیرێت، هەوڵدانیش بۆ پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان جێگەی قبووڵكردن نییە و داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم پابەندی ڕێككەوتنەكان بن.”

لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیشەوە، ئاماژەی بەوە دا كە تەنیا بە یەكگرتوویی دەتوانین پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكەین.

ئەمشەو بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ده‌ستی پێ كرد.

دڵخوازەكانتان