مەریوان قەرەنی: دانیشتوانی سڤیلی كەمپی مەخموور لە پەكەكە بێزارن

ئەندامێكی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، دانیشتوانی سڤیلی كەمپی مەخموور لە كارە نایاساییەكانی پەكەكە بێزارن و پێشوازی لە هەر هەوڵێك دەكەن كە كۆتایی بە هەژموونی پەكەكە بەسەر كەمپەكەیان بهێنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی ئایاری 2023، مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، هێزەكانی سوپای عێراق لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بە مەبەستی تەلبەندكردنی كەمپی مەخموور، كەوتنە جووڵە، بەڵام ”بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە دوو ڕێگەوە ئاستەنگی بۆ سەرخستنی ئەم پلانە دروست كرد، یەكەم: فشاری لەسەر خەڵكی سڤیلی كەمپی مەخموور كردووە و بە هەڕەشە و گوڕەشە ناچاری كردوون دژی تەلبەندكردنی كەمپەكەیان بەرامبەر بە سوپای عێراق بوەستنەوە! لە كاتێكدا خەڵكی سڤیلی كەمپەكە خۆیان بەدەست پەكەكە و كارە نایاساییەكانی و ڕفاندنی منداڵەكانیان بێزار و پەرێشانن. دووەم: بەشێك لەو چەكدارانەی (پەكەكە) كە لەنێو كەمپی مەخمووردا ئەركی مەشق و راهێنانی چەكدارییان بە خەڵكی لە ئەستۆیە، خۆیان وەك خەڵكی سڤیل ناساندووە و لەنێو گردبوونەوەی خەڵكە سڤیلەكەدا هەوڵی پەلاماردانی هێزە ئەمنییەكانیان داوە، تاوەكوو گرژی دروست ببێت.“

ڕوونیشی كردەوە، كەمپی مەخموور، لەو ڕۆژەوەی بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گیانی خوشك و برایانی كوردی باكووری كوردستان دامەزراوە، كەمپێكی سڤیلنشین بووە و سەلامەتیی گیانی خەڵكە سڤیلەكەشی لە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی گرنگترە، بۆیە ”لێرەوە پشتیوانی هەر هەوڵێك دەكەین جا لە هەر لایەنێكەوە بدرێت لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی خەڵكی كەمپەكە. بەپێچەوانەشەوە، دژی هەر هەوڵێكی بەكارهێنانی ئەو خەڵكە بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و خەڵەتاندن و چەكداركردن و گۆڕینی كەمپەكە بۆ بنكەی مەشق و راهێنانی چەكداری و ڕفاندنی منداڵان دەوەستینەوە و دەبێ ئەوانەی ئەم كارانە دەكرێن، بە توندی سنووریان بۆ دابنرێت.“

دڵخوازەكانتان