ئومێد خۆشناو: هەر شوێنێک تابلۆکەی بە زمانی کوردی نەبێت سزا دەدرێت

دوای ئەوەی پارێزگاری هەولێر، ماوەی یەك مانگ مۆڵەتی بە شوێنە بازرگانییەكان دا، کە تابلۆکانیان بە شێوەی سەرەكی بە زمانی كوردی نووسرابێت و ئەوانەی پابەندیش نابن سزا دەدرێن، هەڵمەتێکی فراوان بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو بڕیارە دەستی پێکردووە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ڕایگەیاند، دوا مۆڵەت لەدوای 1ی نیسانەوەیە، هەر شوێنێكی بازرگانی پابەند نەبێت بە نووسینی زمانی کوردی لەسەر تابلۆکانی، ئەوا رێوشوێنی یاسایی لە دژی دەگیرێتە بەر و خاوەنەکانیان بە پێژماردن سزا دەدرێن، ئەگەر هەر پابەندیش نەبن، ئەوا شوێنەكانیان دادەخرێت.

هەروەها پارێزگاری هەولێر لەبارەی رێستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەكانیش، ئاماژەی بەوە كرد، كە دەبێ لیستی خواردنەكان بكەن بە كوردی، بەپێچەوانەوە، رێوشوێن لە بەرامبەر ئەوانیش دەگیرێتە بەر.

ئەو رێوشوێنانەی پارێزگای هەولێر لەبارەی گۆڕینی نووسینی سەر تابلۆی شوێنە بازرگانییەكان، لە چوارچێوەی بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی کوردستاندا دێت، كە لە رۆژی زمانی دایك دەركراون و تایبەتن بە گرنگیدان بە زمانی كوردی، لە بڕیارەكاندا سەرجەم ئۆتێل و شوێنە گەشتیاری و رێستورانتەكان و شوێنە بازرگانیەكان پابەند كراون، كە دەبێ گرنگی بە زمانی كوردی بدرێت و نووسینی سەر لیستی خواردن و رێبەر و رێنماییەكانیان بە زمانی كوردی بێت.

دڵخوازەكانتان