دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانەوە كۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی ئایاری 2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چوار سکاڵا کۆببێتەوە کە دوو سکاڵایان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و یەکێک لەوان تایبەتە بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کە بە ئامادەبوونی نوێنەری یاسایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەبێت و نوێنەر و راوێژکارانی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ئامادەنابن.

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت، “نوێنەرەکەی ئێمە لە دانیشتنەکەدا دەڵێت کۆمیسیۆنی عێراق دەتوانێت سیستم و رێنماییەکان دەربکات، بەڵام سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن لە تایبەتمەندێتیی کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستانە.”

تیمی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ئامادەی دانیشتنەکە نابن

بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی ئایاری 2023 دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی چوار بابەتی جیاواز کۆببێتەوە کە دووانیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

یەکێکیان پەیوەستە بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و لەسەر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە؛ ئەوی دیکەیان تایبەتە بە داواکردنەوەی پارەی کۆبۆنی 18 ساڵی خۆراکی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.

پارتی چاوەڕوانی بڕیاری دادگایە

هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سلێمانی پرێسی ڕاگەیاند :” پەرلەمانی كوردستان دەستی بەڕێكارە یاسایەكانی خۆی كردووە و ئێمەش چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەكەین .

ئەمە لەکاتێکدایە بە مەبەستی هەنگاونان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆبوونەوەی رۆژی 22ی ئایاری 2023ی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی 58 پەرلەمانتار کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کوردستان کارا کرایەوە.

دڵخوازەكانتان