سارا دڵشاد، پەرلەمانتاری توركمان: كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ئەركی نیشتمانیی سەرشانی هەموومان بوو

ئەندامێكی سەر بە پێكهاتەی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، ئەركێكی نیشتمانیی سەر شانی هەموان بووە.


سارا دڵشاد، پەرلەمانتار لە پێكهاتەی توركمان راگەیاند: ”بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن زۆر گرنگ و پێویست بوو. ئەوەش بۆ نەهێشتنی رێگرییەکان لە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.“


جەختیشی لەوەش كردەوە كە ئەم كارە، ”ئەرکێکی نیشتمانیی سەرشانی هەموومان بوو، پێویست بوو زووتر ئەو بڕیارەمان تێپەڕاندبا، وەک دەزاندرێت کۆدەنگییەکیش هەبوو لە نێوان هەموو لایەنەکان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن.“


ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە كرد كە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی پەرلەمان، ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادە دەستووری و یاساییەکان، ”نابێت چیتر بەهۆی دواخستنی کۆبوونەوەکان و پرسەکانی هەڵبژاردن، بنەما دیموکراسییەکان و مافی خەڵک بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکانیان پێشێل بکرێت.“ گوتیشی: ”هەر دواخستنێکی دیکە یان دانانی هەر رێگرییەکی دیکە لە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ناوبانگی کوردستان لەکەدار دەکات و دەرگا دەکاتەوە بۆ دەستخستنە ناوەوەی هێزە بیانییەکان، هەروەها دەبێتە مەترسیش لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان.“


لە كۆتاییشدا دووپاتی كردەوە: ”بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، بە بڕیارێکی کوردستانییانە و پێویست و لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەزانین، دەبێت هەموو لایەک پێیەوە پابەند بن و پەلە بکەن لە رێککەوتن و نەهێشتنی ناکۆکییەکان تاوەكوو هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت.“

دڵخوازەكانتان