مەسروربارزانی :  بەرنامە و ئەجێندای حكوومەت بەرنامەیەكی خزمەتگوزارییە

بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشانگەی هەولێری نێودەوڵەتی بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە كرایەوە  لە پانێڵێكی تایبەتدا  سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان قسەی کردو ڕایگەیاند بەرنامە و ئەجێندای حكوومەت بەرنامەیەكی خزمەتگوزارییە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی:  كە دێتە سەر بابەتی بیناسازی چەندین شت هەیە كە دەبێ لەبەرچاو بگیرێت، یەكێكیان پێداویستیی خەڵكە كە پێویستییان بە چییە، ئەوەیان بۆ دابین بكرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەندێك شت هەیە كە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت.

مەسرور بارزانی دەڵێت : نرخی ئەو شوێنانەی كە بۆیان دروست دەكرێ یان یەكەی نیشتەجێبوون پێویستە بە شێوەیەك بێ كە خەڵك بتوانن تێیدا سوودمەند بن، ئەمەش بێگومان چەندین جۆر لە خۆی دەگرێ، خەڵك هەیە لەوانەیە لە رووی ماڵییەوە توانای زیاتریان هەبێ و بەتەمای شتی باش بن، بێگومان دەبێ ئەمەیان بۆ لەبەرچاو بگیرێ.

بەڵام لە لایەكی ترەوە خەڵكێك هەیە لە ڕووی ماددییەوە دەرامەتی زۆر نییە و كەمداهاتە. ئێمە لە حكوومەت بەرنامەی ئەوەمان هەبووە كە 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دروست بكەین بۆ ئەوەی ئەو خەڵكە بتوانن سوود لەو پرۆگرامەی حكوومەت وەربگرن كە ئێستا خراوەتە تەندەر، باسی ئەوە دەكرێ كە لە هەر سنوورێك، لە هەر ئیدارەیەكی سەربەخۆ و هەر پارێزگایەك بە چ شێوەیەك ئەم یەكە نیشتەجێبوونانە دروست بكرێن.

ڕوونیشی کردەوە: بەشێكی تری بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانە، ئێمە هەندێك بەرنامەمان هەبووە كە چۆن بتوانین یەكەی نیشتەجێبوون بەبێ بەرامبەر بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دابین بكەین، لە سنووری دهۆك وامان كردووە، لە هەولێر پرۆسەیەكە خەریكە ئیشەڵا تەواو دەبێ، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی تریش بۆ بنەماڵەی شەهیدان وا دەكەین، ئیشەڵا هەموو كەسێك ببێ بە خاوەنی خانووی خۆی یان جێگەی خۆی.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە: لە رووی بیناسازییەوە هەندێك شت هەیە كە پێویستە ئێمە لەبەرچاوی بگرین، یەكێكیان سیمای شارە، هەر جۆرە بینایەك، یان هەر جۆرە كۆنستراكشنێك لە كوردستان دەكرێ، پێویستە بگونجێ لەگەڵ ئەو سیمایەی ئێمە دەمانەوێ لە كوردستان ببێ بە شتێكی دڵگیر و خەڵك لەزەتی لێ بكات، لەبەر ئەوە جوانیی بیناسازی لە كوردستان پێویستە لەبەرچاو بگیرێت.

 دووەم كوالێتییە، كەواتە نابێ كەمیی نرخ لەسەر حیسابی كوالێتی بێت، دەبێ كوالێتیی بیناسازی زۆر زۆر لەبەرچاو بگیرێت، لە ئاستێك بێت كە خەڵك متمانەیان هەبێ، خوانەخواستە ئەگەر هات و تووشی بوومەلەرزە بوون، یان هەر شتێكی نەخوازراو هاتە پێشەوە، توانای بەرگریی ئەم جۆرە گرفتانەی هەبێ.

باسی لەوەش کرد کە نرخ گۆڕانی بەسەردا دێت بەپێی ئەوەی كە چ جۆرە كەسێك دەیەوێ چ جۆرە بینایەكی هەبێت. ئەمەی لەسەر حكوومەت بووە، ئێمە داوامان كردووە جگە لەوەی كە ماستەرپلانی شارەكان پێداچوونەوەی پێدا بكرێت، هەتا ڕووبەری سەوزایی لە بیناسازی لە كوردستان دەبێ لەبەرچاو بگیرێت بۆ ئەوەی هەمووی نەبێ بە شارێكی كۆنكریتی، واتە سەوزایی لەبەرچاو بگیرێ. هەندێك شتی واش هەیە بۆ خەڵكی كەمئەندام، بۆ ئەوەی ئاسان بتوانن بچن بۆ ئەو شوێنانەی كە پێویستە، بەتایبەتیش شوێنە گشتییەكان، ئەم بابەتانە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت.

لە پێشانگەکەدا 214 کۆمپانیا لە 15 وڵاتی جیاواز بەشداری دەکەن، کە بەگشتی رێژەی 80%ـی کۆمپانیاکان نێودەوڵەتی و 20%ـیشیان نێوخۆیین.

پێشانگەکە نزیکەی 400 بڕاندی جیاواز لەخۆدەگرێت،

دڵخوازەكانتان